تەندروستیی جیهانی: زیاتر لە 1000 تووشبووی نوێی ئاوڵەی مەیموون تۆمارکراون

09-06-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئاوڵەی مەیموون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەتای کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان بەرەو لاوازبوون دەچێت، بەڵام نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بەردەوامە لە تەشەنەکردن، بە تایبەتیش لە نێوان پیاوە هاوڕەگەزخوازەکاندا، ئەمە بەگوێرەی تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی. بەرپرسێکی دیکەی رێکخراوەکە دەڵێت، دۆخی ئاوڵەی مەیموون لە سەرانسەری جیهان لە گۆڕانی خێرادایە، بەڵام هێشتا مەترسیی نەخۆشییەکە لەسەر تەندروستیی گشتی "مامناوەندە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "لە سەرانسەری جیهاندا، ئاماری تووشبوون و مردن بە کۆڤید-19 بەردەوامە لە دابەزین."
 
دەشڵێت ئەوە پێشهاتێکی "زۆر هیوابەخشە" بەڵام بە واتەی ئەوە نایەت کۆرۆنا کۆتایی هاتبێت، چونکە تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 7 هەزار تووشبووی پەتاکە گیانیان لەدەستداوە.
 
لە بارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموونیش، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە هەزار تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە 29 وڵات تۆمارکراون کە پێشتر نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاونەببووەوە. بەڵام لە هیچ یەک لەو وڵاتە نوێیانە، مردن بە نەخۆشییەکە تۆمارنەکراوە.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بە "شێوەیەکی سەرەکی" لە نێوان ئەو پیاوانەدا بڵاو بووەتەوە کە هاوەڕەگەزخوازن، بەڵام لەوانیشەوە بۆ خەڵکی دیکە گوێزراوەتەوە. 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی WHO، لە هەندێ شوێن  ژنانیش تووشی نەخۆشییەکە بوون. 
 
باسی لەوەش کرد کە سەرهەڵدانەوەی لەناکاوی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون، "ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە رەنگە ماوەیەکی درێژ بێت نەخۆشییەکە لە گواستنەوەدا بووبێت."
 
بە گوتەی تێدڕۆس ئەدهانۆم، دۆزینەوەی تووشبووی نەخۆشییەکە لەو وڵاتانەی کە پێشتر نەخۆشیەکەیان تێدا بە پەتا رانەگەیێنرابوو، پێشانیدەدات کە نەخۆشییەکە "مەترسییەکی راستەقینەیە."
 
ئەحمەد مەنزاری، بەڕێوەبەری هەرێمیی WHO بۆ ناوچەی دەریای نێوەڕاست، رایگەیاند کە لە 2ی حوزەیرانەوە، کۆی گشتیی 14 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە دوو وڵاتی ناوچەکە تۆمارکراون، کە وڵاتانی کەنداو، باکووری ئەفرقیا و وڵاتانی ئاسیا دەگرێتەوە. لەو 14 تووشبووە، 13یان لە ئیمارات و ئەوەی دیکەشیان لە مەغریب تۆمارکراوە. 
 
بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لە ئەوروپا و شوێنەکانی دیکەی وەکو کەنەدا، ئوستڕالیا، ئیسرائیل و ئەمریکا، بە یەکەمینجار دادەنرێت کە نەخۆشیەکە لە نێو ئەو کەسانەدا بڵاوبووبێتەوە کە پێشتر سەردانی ئەفریقایان نەکردووە. 
 
ئەو ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە ئاژەڵە کێوییەکانی وەکو قرتێنەرەکان و مەیموونەکانەوە سەرچاوەدەگرێت و هەندێجار بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە سەر بە هەمان خێزانی ڤایرۆسی سورێژەیە. 
 
زۆربەی تووشبووان لە نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا تۆمارکراون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە شێوەی پەتایێکی سنوورداردا بووە. 
 
یەکەمینجار نەخۆشییەکە لە ساڵی 1958 لە لایەن زاناکانەوە لە نێو ئەو مەیموونانەدا دۆزرایەوە کە تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرا، کاتێک کە دوو جار نەخۆشیەکی "هاوشێوەی ئاوڵە" لە نێو ئەو ئاژەڵانەدا بڵاوبووەوە، هەر بۆیەشە بە ئاوڵەی مەیموون ناونرا. 
 
یەکەمین مرۆڤی تووشبوو بە نەخۆشییەکە لە ساڵی 1970 تۆمارکرا، کە کوڕێکی لاو بوو لە ناوچەیەکی دوورەدەستی کۆنگۆ. 
 
زۆربەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون هەست بە تا، شەکەتی، ئازاری ماسوولکە و لەرزوتا دەکەن. 
 
ئەوانەشی کە بە تووندی تووشدەبن، پێستیان دەئاوسێت و ئاوڵە لەسەر دەست و دەموچاویان دروست دەبێت، دەشکرێت هەموو بەشەکانی دیکەی لەش بگرێتەوە، بە کۆئەندامی زاوزێشەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.