رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو رۆژی شەممە، سێ هاونیشتمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی تووشی تای خوێنبەربوون بوون. گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، "ئەمڕۆ دوایین نەخۆشیان رەوانەی ماڵەوە کرایەوە."
سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون. پێشووتر دووانیان رەوانەی ماڵەوە کرابوونەوە و ئەمڕۆش دوایین نەخۆش نەخۆشخانەی جێهێشت".
هەر سێ تووشبووەکەی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە پێشتر لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی چارەسەری پزیشکییان وەردەگرت؛ بەهۆی باشبوونی تەندروستییانەوە رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دوایین تووشبووی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی 28-06-2024 تۆمارکرا و تووشبووی پێش ئەویش 26ـی هەمان مانگ راگەیێندرا.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ