رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیتاڵیا دەریدەخات، تێکەڵکردنی کحول لەگەڵ خواردنەوە وزەبەخشەکان کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر فەرمانەکانی مێشک دەبێت و پسپۆڕێکیش بە ''کارێکی ترسناک'' ناویدەبات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کاتانیا بۆ ماوەی 35 رۆژ کرا و دەرکەوت، تێکەڵکردنی کحول لەگەڵ خواردنەوە وزەبەخشەکان فەرمانەکانی مێشک لاوازدەکات و ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە پێشدەخات.
گرانسێسکا بیگۆ، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ''تێکەڵکردنی کحول لەگەڵ خواردنەوە وزەبەخشەکان کارێکی ترسناکە بۆ نەوجەوان و گەنجان، چونکە لە تەمەنێکی گەنجیدان و مێشکیان لە گەشەکردندایە، بۆیە زیاتر کاریگەریی لەسەریان دەبێت''.
گرانسێسکا بیگۆ دەشڵێت، نەوجەوان و گەنجان هیچ بڕێکی کحول نەخۆنەوە و خواردنەوە وزەبەخشەکانیش سنوورداربکەن، چونکە جەستەیان لە قۆناخێکی هەستیاری گەشەکردندان و هەر ناڕێکییەکیان تووشببێت ئەوا بە درێژایی ژیانیان گیرۆدەی دەبن.
ئەمە جگە لەوەی زانکۆی شاهانەی بەریتانیا پشتڕاستی دەکاتەوە، خواردنەوەی کحول لەنێو نەوجەوان و گەنجان دا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازبوونی یادگە و پێشخستنی لەبیرچوونەوە، چونکە ئەگەری ناڕێکی لە گەشەکردنی خانەکانی مێشک زیاددەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ