رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ئەم ساڵ 13 تووشبووی تای خوێنبەربوون لە باشووری کوردستان تۆمارکراون. تاوەکو ئێستا دووانیان گیانیان لەدەستداوە.
لە هەولێر سێ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری تەندروستیی هەولێر، دوو لەو کەسانە دانیشتووی شارەکەن، یەکێکیان تەمەنی 28 ساڵ و ئەوی دیکەش 32 ساڵ؛ هاووڵاتییەکیش دانیشتووی شاری بەغدایە و لە هەولێر تووش بووە و تەمەنی 40 ساڵە.
لە پارێزگای سلێمانی سێ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون. سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون. پێشتر دووانیان رەوانەی ماڵەوە کرابوونەوە و ئەمڕۆش دوایین نەخۆش نەخۆشخانەی جێهێشت".
دوای ئەوەی لە دهۆک سێ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون، 18ـی مانگی ئایار یەکێکیان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر گیانی لەدەستدا.
مەتین ئەمین، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی گوت: "لەم رۆژانەی دواییدا هیچ نەخۆشێک لە سنوورەکەمان تۆمارنەکراوە. لە مانگەکانی رابردوودا دوو تووشبوومان هەبوون خەڵکی ئاکرێ بوون؛ هەردووکیان چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و رەوانەی ماڵەوە کرانەوە".
بەگوێرەی نوێترین ئامار، ئەم ساڵ لە کەرکووک چوار تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون. سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت: "لەو چوار تووشبووە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و سێ تووشبووەکەی دیکە دوای چارەسەری پێویست نەخۆشخانەیان جێهێشت".
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ تووشبوویەکی نەخۆشییەکە لە پارێزگای هەڵەبجە رانەگەیێندراوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ