کولتوور و ستایل
گۆرانیبێژ رۆبەرت کێڵی لە کاتی دادگاییکردنی لە دادگای تاوانەکانی لایتۆن لە شیکاگۆ. وێنە: Antonio PEREZ / POOL / AFP)
رووداو دیجیتاڵ
یوتیوب دوو کەناڵی فەرمیی رۆبەرت کێڵێی گۆرانیبێژی ئەمریکیی سڕییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە دادگە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و منداڵان و بازرگانیکردن پێیانەوە بەسەردا ساخبووەوە.
رۆژی چوارشەممە 6-10-2021 گوتەبێژی یوتیوب رایگەیاند "ئێمە دوو کەناڵی سەر بە رۆبەرت کێڵی داخستووە". بەڵام هێشتا گۆرانییەکانی لە یوتیوب ماون و بەشێک لەو کەناڵانەی گۆرانییەکانی بڵاودەکەنەوە نزیکەی 137 هەزار سەبسکرایب و ملیۆنان بینەریان هەیە.
ئەم هەنگاوەش دوای ساڵانێک لە ناڕەزایی بزووتنەوەی '#میوت ئاڕ کێڵی' دێت. هاوکات گۆرانییەکانی هێشتا لەسەر پلاتفۆرمەکانی دیکەدا دەبینرێن.
لە دادگاییکردنی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا نۆ تۆمەت بەسەر کێڵی ساخکرانەوە، لەنێویاندا تۆمەتی بە قاچاخبردنی ژنان لەنێوان ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا و بەرهەمهێنانی فیلمی سێکسی لەگەڵ منداڵان.
ئەوکات داگەی ئەمریکا گۆرانیبێژ R-Kellyی تاوانبارکرد بە بەکارهێنانی ناوبانگەکەی بۆ راپەڕاندنی تۆڕێکی بە قاچاخبردن و بازرگانیکردن بە ژن و منداڵان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا.
هاوکات 11 کەس کە نۆیان ئافرەتن و دوویان پیاون، لە دادگە سکاڵایان دژی گۆرانیبێژە تەمەن 54 ساڵییەکە تۆمارکردووە، دانیان بەوەدا ناوە کە کێڵی وەکو قوربانیی بازرگانیی سێکسی بەکاریهێناون.
کێڵی ئێستا زیندانی کراوە و بڕیارە لە مانگی ئایاری ساڵی 2022 دواییین دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەکەی بەڕێوەبچێت و رەنگە بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزا بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ