یانس گلاشی بۆ رووداو: لە پڕۆژەمدایە مۆنیومێنتێک بۆ یادی ئەنفال دروستبکەم

15-11-2024
تەنیا ئەحمەد
یانس گلاشی، پەیکەرسازی دانیمارکی
یانس گلاشی، پەیکەرسازی دانیمارکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یانس گلاشی، پەیکەرسازی دانیمارکی بە رووداوی راگەیاند، مۆنیومێنتێک بۆ ئەنفال دروستدەکات. 
 
لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (کۆپ29) لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان، گلاشی بە هاوار عەبدولڕەزاق، نێردراوی رووداوی گوتی: "پڕۆژەیەکمان لەبەر دەستە کە بریتییە لە دروستکردنی مۆنیومێنتێک بۆ ئەنفال هەروەها پڕۆژەیەکی دیکەشمان هەیە، کە لە پەیکەرێکی گەورەتر پێکدێت و ئێستا لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان کاری لەسەر دەکرێت."
 
گلاشی زیاتر روونی کردەوە، مۆنیومێنتەکە لە سێ کورد پێکدێن کە لە دەوری ئاگرێک کۆبوونەتەوە و نزا دەکەن. 
 
بە گوتەی هونەرمەندەکە، "مۆنیومێنتەکە لەبارەی سەردەمی دێرینە. دروستکردنی ئەم جۆرە پەیکەرە زۆر گرانبەهایە چونکە لە دانیمارک دروستدکرێن و دەگوازرێنەوە کوردستان". 
 
گلاشی هەروەها باسی لە پلانی کردنەوەی فێرگەیەک کرد کە تێیدا خوێندکاران فێردەکرێن چۆن لە رێگەی قاڵبەوە، بە کەرەستەی شل، پەیکەر دروستبکەن.
 
پەیکەرسازەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە قالبدانی ئەو جۆرە پەیکەرانە زەحمەتە و "چەندین پەیکەرتاشی باش هەن بەڵام ناتوانن ئەو جۆرە لە برۆنز و پلاستیک دروستبکەن، ئەمەش شتێکی باش نییە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: بەڕێز یانس سڵاوت لێبێت. دەتوانیت پێمان بڵێیت کە بۆچی لەم لووتکەیەدا بەشداریت؟ ئەو پەیکەرەی کە لەم لووتکەیە نمایشت کرد مانای چییە؟
 
یانس گلاشی، پەیکەرسازی دانیمارکی: من لێرەم لە لووتکەی کەشوهەوا بۆ ئەوەی ئاوێنەیەک لەبارەی ئەو شتانەی کە لە جیهاندا روودەدەن نیشان بدەم. ئەم پەیکەرەم دروست کردووە بۆ ئەوەی وەکو ئاوێنەیەک بەکاریبهێنم. پەیکەرەی لەبارەی پیاوێکە کە لەسەر زەوی وەستاوە و ژنێکیشی لەسەر پشتە، ئەوەی لەسەر پشتی پیاوەکەیە دەڵێت، "هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی یارمەتی ئەم پیاوە بدەم کە لەسەر زەوی وەستاوە"، بەڵام لەسەر پشتی نایاتە خوارەوە. ئەم پەیکەرە وەکو کۆبوونەوەکانە کە لێرە دەکرێت، لەبەر ئەوەی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بڕێکی زۆر دوانەئۆکسیدی کاربۆن تێکەڵی هەوا دەکەن و گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەکەن، دواتر کێ دەبێت باجی ئەوە بدات؟ کێ دەبێت باجی ئەو لافاوەی بەنگلادیش بدات؟ کێ دەبێت یارمەتی بیابانی گەورەی ئەفریقا بدات؟ ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن وەکو باسێکی لەدەستچوو وان، ئەوەش وایکردووە کە من پەیکەرێکی لەوشێوەیە دروست بکەم. 
 
 
رووداو: ئەمە مانای ئەوەیە کە تۆ گەشبین نیت و پێت وایە ئەم لووتکەیە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نییە؟ 
 
یانس گلاشی، پەیکەرسازی دانیمارکی: لە هەموو لووتکەکاندا، ژمارەیەک رێککەوتنی زۆر جوان دەکرێن، هەمووان باس لەوە دەکەن کە دەیانەوێت ئەمە و ئەوە بکەن، پاریش باسیان لە چارەسەری گۆڕانی کەشوهەوا کرد و باسیان لەوە کرد کە دەبێت کێ پارە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دابین بکات، بەڵام کەس پارە نادات. هەمووان باس لەوە دەکەن کە ملیۆنان دۆلار دەدەن، بەڵام هیچیان ئەو پارەیە نادەن، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. وڵاتە دەوڵەمەندەکان دەڵێن، دەیانەوێت پارە بدەن و کار لەسەر کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشواهەوا بکەن، بەڵام لەکۆتاییدا نایکەن، هەربۆیە من گەشبین نیم و پێم وایە ئەم کۆبوونەوەیە چارەسەری کێشەکان ناکات، لەوانەشە بەپێچەوانەوە بێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە [دۆناڵد] ترەمپ [سەرۆکی ئەمریکا] دەترسین کە لەو کۆبوونەوانە دێتە دەرەوە و چەندین کەسی دیکەش لە ئەورووپا هەن نایەوێت رێککەوتن لەسەر ژینگە هەبێت.
 
رووداو: با باسەکە بگۆڕین، تۆ پێت گوتم مێژوویەکی درێژت لەگەڵ کورد هەیە، پێشتر سەردانی هەولێر و سلێمانیت کردووە، پەیکەرێکت بەناوی ئەنفالەوە دروستکردووە. دەکرێت باسی هەندێک لە بیرەوەرییەکانت لە کوردستان بکەیت و پێمان بڵێیت چیت لەوێ کردووە؟
 
یانس گلاشی، پەیکەرتاشی دانیمارکی: من لە سلێمانی بوومە و هێرۆ خان، خانمی یەکەم دەناسم. سەردانی هەموو کوردستانم کرد بۆ ئەوەی ببینم لە سەردەم سەدام حوسێن و لە هەڵەبجە چی روویدا. چوومە ئەوێ بۆ ئەوەی مۆنیومێنتێک بۆ یادی ئەنفال دروستبکەین، کە تێیدا 200 هەزار کەس کوژران. هیچ کەس ئەمە نازانێت، ئەمە زۆر نامۆیە کە لە جیهاندا کەس ئەم شتەی نەزانیوە. بەڵام من چوومە ئەوێ و 700 تابووتم بینی کە دواتر نێژران. پێموایە پێویستە جیهان لەوە تێبگات کە چی لە کوردستان روویدا. لەوێ دەستم بەکارکردن کرد و چەندین هاوڕێشم هەیە. یەکێک لە دەزگاکەم بوو کورد بوو، هاوژینەکەشی کورد بوو. هەموو رۆژ لەگەڵ کوردەکان کارمان دەکرد.
 
رووداو: پێتخۆشە لەداهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکەیت و چەند پەیکەرێکی نوێ دروستبکەیت؟
 
یانس گلاشی، پەیکەرتاشی دانیمارکی: بەڵێ، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین.
 
رووداو: پڕۆژەی نوێتان چییە؟
 
یانس گلاشی، پەیکەرتاشی دانیمارکی: پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی مۆنیومێنتێک بۆ ئەنفال  بەڵام پڕۆژەیەکی دیکەشمان هەیە کە لە پەیکەرێکی گەورەتر پێکدێت و ئێستا لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان کاری لەسەر دەکرێت. مۆنیومێنتە کۆنەکە لە سێ کورد پێکدێن کە لە دەوری ئاگرێک کۆبوونەتەوە و نزا دەکەن. ئەوە یەکێک بووە لە ئایینە کۆنەکانی کوردستان. مۆنیومێنتەکە لەبارەی سەردەمی دێرینە. ئێمە لە چاوەڕوانیی تەواوکردنی مۆنیومێنتەکەین، نازانین کەی تەواو دەکرێت. دروستکردنی ئەم جۆرە پەیکەرە زۆر گرانبەهایە چونکە لە دانیمارک دروستدەکەین و دەیبەینە کوردستان. ئێمە هەروەها پلانمان هەیە کە فێرگەیەکی دروستکردنی پەیکەر لە کەرەستەی شل لە کوردستان بکەینەوە؛ چونکە دروستکردنی ئەم جۆرە پەیکەرە قورسە، چەندین پەیکەرتاشی باش هەن بەڵام ناتوانن ئەو جۆرە لە برۆنز و پلاستیک دروستبکەن، ئەمەش شتێکی باش نییە.

رووداو: زۆر سوپاست دەکەین، سوپاس بۆ کاتەکەت.
 
یانس گلاشی، پەیکەرتاشی دانیمارکی: سوپاس بۆ ئێوەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە