کۆنسێرتەکانی هونەرمەندێکی دیکەی کورد لە باکووری کوردستان هەڵوەشێندرانەوە

14-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسێرتەکانی خەجێ هەردەم لە سێ پارێزگای باکووری کوردستان هەڵوەشێندرانەوە، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لە ئیستەنبووڵ کۆنسێرتی دوو هونەرمەندی دیکەی کورد هەڵوەشێندرابوونەوە.
 
بڕیار بوو هونەرمەندی کورد خەجێ هەردەم رۆژی 16-11-2024 لە ئەرزەڕۆم، 20-11-2024 لە ئاگری و 21-11-2024ش لە مووش سێ کۆنسێرت ساز بکات، بەڵام کۆمپانیای ریسوس ئۆرگانیزەیشن کە رێکخەری کۆنسێرتەکان بوو رایگەیاند، هەر سێ کۆنسێرتەکە هەڵوەشێندراونەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ریسوس ئۆرگانیزەیشندا هاتووە: "بەگوێرەی پلانەکانمان، کۆنسێرتەکانی هونەرمەندی خۆشەویستمان بڕیار بوو لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئاگری و مووش پێشکێش بکرێت و ئامادەکارییەکان چەند مانگێک لەمەوبەر تەواوکراون. زۆر بە نیگەرانییەوە رایدەگەینین کە شارەوانییەکان و خاوەن هۆڵەکانی کۆنسێرت، بە بێ نیشاندانی هیچ هۆکارێکی یاسایی، کۆنسێرتەکانیان هەڵوەشاندەوە".
 
کۆمپانیای رێکخەر لە ئاگری هەوڵدەدات کۆنسێرتەکە لە هۆڵێکی دیکە سازبکات و کێشەکان چارەسەر بکات. هەروەها لە ئەرزەڕۆم و مووش بلیتەکان وەردەگیرێنەوە و پارە بە خەڵکەکە دەدرێتەوە. 
 
کۆنسێرتی دوو هونەرمەندی دیکەی کورد لەلایەن شارەوانییەکانی جەهەپە هەڵوەشێندرانەوە
 
رۆژی 8-11-2024 کۆنسێرتی خانمە گۆرانیبێژی کورد رۆژدا "بەبێ هیچ هۆکارێک" لەلایەن شارەوانیی کوچوک چەکمەجەی ئیستەنبووڵەوە هەڵوەشێندرایەوە. ئەو شارەوانییە لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەڕێوەدەبرێت.
 
هەروەها کۆنسێرتێکی گۆرانیبێژ دیلژەن رۆنی کە بڕیار بوو رۆژی 6-12-2024 لە ناوچەی شیشلی بەڕێوەبچێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا.
 
شارەوانیی شیشلی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەی دیلژەن رۆنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەیانەوێت هۆڵی کۆنسێرتەکە نۆژەن بکەنەوە، بەڵام ئەوە بەشێک لە کوردی ئیستەنبووڵی نیگەران کردووە و ئەوان دەڵێن، بابەتی نۆژەنکردنەوە بیانووە. 
 
هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد کاردانەوەی بەشێک لە خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە