رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی ماڵی میوزیکی زەهاوی دەستپێدەکاتەوە و یەکەم کۆنسێرتی ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی و فەرەنسی دەبێت.
هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکی زەهاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگی داهاتوو وەرزی نوێی ماڵی میوزیکی زەهاوی دەستپێدەکاتەوە و یەکەم کۆنسێرتی بۆ میوزیک فەرەنسا تەرخانکراوە، تێیدا هونەرمەندی کوردیش بەشدارن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتە ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی و فەرەنسییە و لە 9ـی ئاداری 2024 لە "ئەربیل هێڵز" لە هەولێر سازدەکرێت.
زەهاوی، روونیشیکردەوە، پلانیان هەیە لە 2024 کۆنسێرت بۆ پێنج گرووپی نەتەوەی جیا جیا سازبکەن، هەروەها هونەرمەندان و گرووپی هونەری ناوچەکانی کوردستانیش لە کۆنسێرەتەکاندا بەشدار دەبن و کاری هاوبەش بە سەرپەرشتی خۆی پێشکێش دەکرێن.
گوتیشی، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکان دەبێت و لەگەڵ هەریەک لە گرووپە بیانییە بەشداربووەکان بەرنامەیەکی تایبەت لەگەڵیان بۆ رووداو تۆماردەکرێت.
هەژار زەهاوی لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ