رووداو دیجیتاڵ
بەر لە پێشاندانی فیلمی "Rust" لە سینەماکانی جیهاندا، پێشاندانی تایبەتیی لە تۆرونی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، بەڵام دایکی وێنەگری فیلمەکە لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادە نەبوو کە لە کاتی وێنەگرتندا بە گوللـەیەک گیانی لەدەستدا.
ئۆلگا سۆلۆڤی دایکی هالینا هاچینز، وێنەگری فیلمی هالینا هاچینز، هۆکاری ئامادە نەبوونی لە پێشاندانی فیلمەکەدا گوتی، باڵدوێن، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی نا دادپەروەرانە سوود لە مردنی کچەکەی وەربگرێت بۆ پێشوازیکردن لە فیلمەکەی.
باڵدوێن (60 ساڵ)، ئەکتەری سەرەکی و هاوکاری بەرهەمهێنەری فیلمی "Rust"، لەکاتی پرۆڤەکردنی فیلمێکدا لە تشرینی یەکەمی 2021، چەکێکی ئاڕاستەی هالینا هاچینز، وێنەگری سینەمایی کرد و گولـلــەیەکی بەرکەوت، بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا و جۆیل سۆزا، دەرهێنەری فیلمەکە برینداربوو.
ئەم تۆمەتە باڵدوێنی خستبووە کێشەی یاساییەوە و ئەگەری زیندانیکردنی بۆی دروستکردبوو کە نزیکەی 40 ساڵە پێگەیەکی گرنگی لە بەرهەمە تەلەفزیۆنی و سینەماییەکاندا هەیە.
هالینا هاچینز، وێنەگرێکی سینەمایی ئۆکراینی بوو و دایکی منداڵێک بوو، لە تەمەنی 42 ساڵیدا گیانی لەدەستدا. بەر لە خوێندن لە بواری سینەما لە لۆس ئەنجلس، پێشتر چەند بەڵگەفیلمێکی بەرهەمهێنابوو.
ئالین باڵدوین، ئەکتەری فیلمەکە لە یەکەم پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە پۆڵەندا ئامادە نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە، لە دوای ئەوەی دادگە بێتاوانیی ئالێک باڵدوێن، ئەکتەری ئەمریکی لە دۆسییەی کوشتنی بێ مەبەست راگەیاند، داواکاری گشتی داوای چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکەدا دەکات.
ئەو داوکارییەی کاری مۆریسی، بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی بڕیارەکە لە دادگەی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا.
لە 13ـی تەمموزی 2024 ئالێک باڵدوێن، ئەکتەری ئەمریکی، لە ترس و دڵەڕاوکێی نزیکەی سێ ساڵ رزگاری بوو، دوای ئەوەی دادوەر لەبارەی تاوانبارکردنی بە کوشتنی بێ مەبەست، بڕیاری بێتاوانی ئەو ئەکتەرەی دەرکرد.
ئەمەش لە دوای ئەوە هات کە پارێزەری باڵدوێن، لە دادگە، ئاماژەی بە شاردنەوەی چەند بەڵگەیەک لەبارەی رووداوەکە خستەڕوو، دادوەریش کە ماری مارلۆ سۆمەر بوو، لەبارەیەوە هاوڕا بوو و گوتی: "رێگەیەک نییە دادگە لە رێگەیەوە ئەو هەڵەیە راست بکاتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تاکە سزای پێویست، داخستنی دۆسییەکەیە"، بەمەش جارێکی دیکە ئەو دۆسییە لە دژی باڵدوێن ناکرێتەوە. بەهۆی ئەو بڕیارەوە باڵدوێن گریا و باوەشی بە هاوژینەکەیدا کرد.
لە ئەگەری سەلماندنی کوشتنی بێ مەبەست لە دژی ئەو ئەکتەرە، بۆ ماوەی 18 مانگ زیندانی دەکرا.
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024، لە یەکەم رۆژی دادگاییکردنی باڵدوێن لە شاری سانتا فێی ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا، ئۆرلەندا ئۆکامپۆ جۆنسن، داواکاری گشتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەکتەر "یاسا سەرەکییەکانی سەلامەتیی بەکارهێنانی چەکی پێشێڵ کردووە".
پارێزەری باڵدوێن لە دانیشتنی دادگەدا، رایگەیاند، کوشتنی هالینا هاچینز بە گوللـە "کارەساتێکە گوزارشت ناکرێت"، بەڵام گوتیشی باڵدوێن لەم شوێنە "ئەکتەر بووە و نواندنی کردووە".
نزیکەی سێ ساڵە دۆسییەی کوشتنی بێ مەبەستی بەرپرسی وێنەگرتن و بریندارکردنی دەرهێنەری فیلمی "Rust" لە دادگە یەکلا نەببووەوە، دوای چەندین دانیشتن، جارێکی دیکە دۆسییەکە هەڵدرایەوە.
پێشتر هانا گوتیرێز رید، سەرپەرشتیاری بەکارهێنانی چەک لە فیلمە سینەماییەکاندا، بڕیاری 18 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، تۆمەتەکەش کوشتنی بێ مەبەست بوو، هۆکارەکەیشی جێبەجێنەکردنی رێوشوێنی سەلامەتی بەکارهێنانی چەک بووە لە کاتی وێنەگرتنی فیلمدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ