رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی ماڵی میوزیکی زەهاوی، لە 2024 دەستیپێکردەوە و یەکەم کۆنسێرتی بۆ میوزیکی فەرەنسا بوو و لەگەڵ میوزیکی کوردی ئاوێتەکرا.
هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکی زەهاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە وەرزی نوێی ماڵی میوزیکی زەهاوی بۆ 2024، یەکەم کۆنسێرتی بۆ میوزیکی فەرەنسا تەرخانکرد و میوزیکی فەرەنسی و کوردی ئاوێتەی یەکدی کرا.
کۆنسێرتەکە ئێوارەی 9ـی ئاداری 2024 لە "ئەربیل هێڵز" لە هەولێر بەڕێوەچوو و ژەمارەیەکی کەسایەتی و هۆگرانی هونەر ئامادەبوون.
لە دەستپێکی کۆنسێرتەکەدا، هەژار زەهاوی، باسێکی کورتی لەبارەی چالاکییەکانی سێ ساڵی رابردووی ماڵی میوزیکی زەهاوی پێشکێشکرد، کە ساڵی یەکەمی بۆ گرووپە میوزیکییە کوردییەکان بوو، ساڵی دواتر تایبەت بە میوزیکی گەلانی جیاواز بوو، ئەمساڵیش تایبەت بە هونەرمەندانی بیانیی بواری ئاوێتەکردنی میوزیک دەبێت.
گرووپە میوزیکییە فەرەنسییەکە پێکهاتبوو لە لێلا سۆلدێڤیلا، بە ئامێری دۆبڵ باس، ئەنتۆنی گیرارد بە ئامێری ئۆکۆردیۆن، رۆبن ڤاسی بە ئامێری درامز، نۆیمی وەک گۆرانیبێژ.
هەر لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەندانی کورد بەشداربوون و پێکهاتبوون لە دێری ئارام، وەک گۆرانیبێژ، رێباز سەدیق، ژەنیاری ڤایۆلین و شێرە سۆران بە ئامێری ساکسیفۆن.
هەردوو گرووپە کوردی و فەرەنسییەکە، چەند بەرهەمێکی هاوبەشیان پێشکێشکرد.
سەرەتا گرووپە فەرەنسییەکە چەند بەرهەمێکی پێشکێشکرد، دواتر لەگەڵ هونەرمەندە کوردەکان، بەرهەمی ئاوێتەکراویان پێشکێشکرد.
لە دوا بڕگەی کۆنسێرتەکەدا، زەهاوی بە دەف لێدان لەگەڵ هەردوو گرووپەکە بەشداربوو و دوای کۆنسێرتەکەش، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ماڵی میوزیکی زەهاوی.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانە و لەگەڵ هەریەک لە گرووپە بیانییە بەشداربووەکان، بەرنامەیەکی تایبەت بۆ رووداو تۆمار دەکرێت.
هەژار زەهاوی لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ