ئیلی سەعب نوێترین دیزاینەکانی لە پاریس خستەڕوو

27-01-2022
پەسار فایەق
یەکێک لە نوێترین دیزایینەکانی ئیلی سەعب
یەکێک لە نوێترین دیزایینەکانی ئیلی سەعب
نیشانەکردن ئیلی سەعب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیلی سەعەب، دیزاینەری لوبنانی نوێترین دیزاینەکانی بۆ وەرزی بەهار و هاوینی 2022 لە پاریسی فەرەنسا خستەڕوو، لە نمایشەکەدا ژمارەیەک کەسایەتی و ئەستێرە ئامادەبوون، لەوانە میشێل یۆ‌هـ، ئەکتەر و سەماکاری مالیزی – چینی.
 
نمایشەکە رۆژی چوارشەممە 26-1-2022 لە کۆشکی کارۆ دۆ بەڕێوەچوو و یەکەم نمایشی جلوبەرگی ئیلی سەعب بوو لە دوای دوو ساڵ کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هیچ نمایشێکی لەو شێوەیەی نەبووە و لە دوو ساڵی رابردوودا بەرهەمەکانی بەشێوەی ئۆنلاین خستووەتەڕوو.
 
کۆلێکشنی نوێی ئەو دیزاینەرە، پڕ لە گوڵ و هیوا بەخشبوون و رەنگی پەمەیی گەرم و ئەرخەوانی تێیدا زاڵ بوون.
 
کۆتایی نمایشەکە بە جلوبەرگی کلاسیکی کۆتاییهات و جلی بووکێنیش لە دیزاینی ئەو دیزاینەرە لوبنانییە خرانەڕوو.
 
ئیلی سەعب، لە 1964 لە بەیروت لە دایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەهرەی لە بواری دیزایندا دەرکەوتووە و وێنەی جلوبەرگی بە وێنە کێشاوە و جلی بۆ خوشکەکەی دیزایین کردووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بواری دیزایینی جلوبەرگدا لە پاریس خوێندوویەتی، دواتر گەڕاوەتەوە لوبنان و خانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە و وەک دیزاینەرێک کاری کردووە.
 
لە 1997 یەکەم کۆلێکشنی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی لوبنان بڵاوکردەوە، ئەویش لە ئیتاڵیا بوو و یەکەم دیزاینەری عەرەب بوو بەرهەمەکانی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی رۆما بخرێنەڕوو، لە 2002 هالی بێری، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار جلێکی لە دیزاینی ئەو دیزاینەرە پۆشی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە