رکابەریی نێوان بازاڕی سینەمای ئەمریکا و چین بەهێزتر بووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رکابەریی نێوان بازاڕی سینەمای ئەمریکا و چین رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت، ئەنیمەیشنێکی ئەمریکی لەم هەفتەیەدا، لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی هەفتەیە لە چین.
 
ئەنیمەیشینی  "Transformers One"لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، تەنیا چوار ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەفتەی یەکەمی لە سینەماکانی چین، توانی هەشت ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت. بەشێکی ئەو پێشوازیە گەرمە لە فیلمەکە، پێشاندانیەتی لە جەژنی نیشتمانی لە چین.
 
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی لە هۆلیوود، گرنگییەکی زۆر بە بازاڕی سینەما لە چین دەدەن، هۆکاری سەرەکیش زۆری ژمارەی دانیشتوان و بینەری سینەمایە لەو وڵاتە.
 
چین ساڵانێکە کار بۆ ئەوە دەکات بینەری فیلمە چینییەکان زیاد بکات و لە 2010 تاوەکو 2021 رێژەی بینەری فیلمە چینییەکان لەو وڵاتە 21٪ بۆ 55٪ بەرزبووەتەوە و بینەری فیلمەکانی بە زمانی ئینگلیزین؛ رێژەی بینەرانی لە 53٪ بۆ 28٪ کەمبووەتەوە.
 
رەخنەگرانی سینەما ئاماژەی بۆ ئەوە دەکەن، بەرزبوونەوەی ریژەی داهاتی فیلمە چینییەکان لەو وڵاتە پەیوەندی بە زۆری بەرهەم و ناوەڕۆکیانەوە نییە، هەرچەند رێژەی بەرهەمهێنانی لە 13٪ بۆ 18٪ بەرزبووەتەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنێکی بینەرانی سینەما لە چین، ئەو فیلمانەی لە 2022 لە وڵاتەکەیان بەرهەمهاتوون، لە فیلمەکانی 10 ساڵی رابردوودا خراپترن.
 
لە لیستی 10 پڕبینەرترین فیلم لە سینەماکانی چین، لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2014 ئەمریکا پێشەنگ بووە، بەڵام لە 2015 پاشەکشەی کردووە و لە دەستپێکی 2019ـەوە تەنیا یەک فیلم بە زمانی ئینگلیزی لە لیستەکەدا بووە، ئەویش فیلمی "Avengers: Endgame" بوو.
 
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ژمارەیەک فیلمی چینی بە بودجەی گەورە پاشەکشەیان بە رێژەی بینەری فیلمە هۆلیوودییەکان کرد، لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی چین لە 2020 لە ریزبەندی یەکەمەوە تاوەکو دەیەم، هەموو فیلمەکان چینی بوون.
 
"Wolf Warrior 2" بە پڕبینەرترین فیلمی چینی لە مێژوودا دەناسرێت، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 870 ملیۆن و 325 هەزار دۆلارە، تەنیا داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 30 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بوو.
 
گرنگترین و کۆنترین پیشەسازی سینەما لە جیهاندا لە هۆلیوودە، لە 2019 داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 42 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بوو، لە رووی زۆری بەرهەمهێنانەوە، بۆلیوود خاوەن گەورەترین پیشەسازی سینەمایە لە جیهاندا، بەپێی ئامارێکی 2019 بۆلیوود دوو هەزار و 446 فیلمی بەرهەمهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە