رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمە شیعرییەکانی هەردوو شاعیر کانی و رەشاد موفتی و چەند لێکۆڵینەوەیەک لەبارەیانەوە، لە دوو توێی دوو کتێبدا چاپکراون و لە رێوڕەسمێکدا بڵاودەکرێنەوە.
زانا خەلیل، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی کۆکردنەوەی بەرهەمی شیعریی شاعیرانی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، کۆکردنەوەی كۆبهرههمى شاعیرانى ههولێر و لێكۆڵینهوه له بهرههمهكانیان و نووسینهوهى بیۆگرافیا و دووباره چاپكردنهوهى بهرههمه پهرش و بڵاوهكانیان، یەکێک لە پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی وێژەیی هەولێرە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، ئەوکاتەی ئەو بەڕێوەبەری بووە.
گوتیشی، کۆکردنەوەی بەرهەمی شاعیرانی هەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی درێژخایهنه، ناوهڕۆكى بریتییه له كۆكردنهوهى بهرههمه چاپكراو و دهستنووسهكان و بیۆگرافیای شاعیر، دواتر لێكۆڵینهوه له بهرههمهكانیان له لایهن لێكۆڵهرى پسپۆر و شارهزا و چاپكردنیان، ئهركى كۆكردنهوهى بهرههمهكان لە ئەستۆی چەند نووسەرێکە.
"دیوانی کانی" کۆبەرهەمەکانی کانی شاعیر، لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی پەسار فایەقە و زانا خەلیل، سەرپەرشتیاریەتی و پێداچوونەوەی بۆ کردووە.
ئەم بەرهەمە جگە لە دیوانی کانی، چیرۆکی "لەیل و مەجنون"ـیش بە شیعر لەخۆدەگرێت کە کانی وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.
جگە لە کۆکردنەوەی بەرهەمە شیعرییەکان کە بەشێکیان بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە، 10 لێکۆڵینڤان و ئەکادیمی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی شیعرەکانی کانی کردووە و لە دووتوێی کتێبەکەدا بەردەستن.
غەمگین بۆڵی، "دیوانی رەشاد موفتی"ـی کۆکردووەتەوە و ئامادەی کردووە، بە رووداوی گوت: "هاوڕێی ئازیزم زانا خەلیل، خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەکەیە، کارکردنە لەسەر کۆکردنەوەی پێنج شاعیری شاری هەولێر، ئەرکی کۆکردنەوەی دیوانی مامۆستا رەشاد موفتی بە من سپێردرا".
گوتیشی: "جگە لەو بەرهەمانەی پێشووتری وەک نامێلکە چاپکراون، بەرهەمێکی دیکەشی تێدایە کە بۆ یەکەمجارە دێتە سەر کاغەز. ئەو بەرهەمەی رەوانشاد لەسەر کاسێتی دەنگی بوو، ئەویشمان لەبەری نووسییەوە و خستوومانەتە نێو دیوانەکەوە".
بۆڵی، روونیشیکردەوە: "پرۆژەکە 10 توێژینەوەی نوێی تێدایە و لەسەر ئەزموون و شیعر مامۆستا رەشاد موفتی نووسراون".
"دیوانی رەشاد موفتی" و "دیوانی کانی" لەلایەن ناوەندی کولتووری چاپکراوە و لە ماوەی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر، واژۆیان لەسەر دەکرێت و بڵاودەکرێنەوە.
بڕیارە ناوەندی کولتووری، جگە لەو دوو کتێبە، چەند کتێبێکی دیکە لە رێوڕەسمەکەدا بڵاوبکاتەوە، ئەویش کتێبی "ئادەم حەزی لە کێشە بوو، خودا حەوای بۆ درووستکرد" هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی شاعیر زانا خەلیل و "راستییەک لەبارەی دڵی هەموومان!"، گوڵبژێرێکە لە شیعری جیهانی و لە ئامادەکردن و وەرگێڕانی نووری بێخاڵییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ