رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە فیلمە بەهێزەکان و میوانە تایبەتەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun' و پاڵەوانی فیلمەکە تۆم کروزە.
نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun' بەناوی 'Top Gun: Maverick'ـە و جۆزێڤ کەسینسکی دەرهێنەریەتی و تۆم کروز، وەک بەشەکانی پێشووی رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.
ئەمڕۆ کروز و کسینسکی و بەشێک لە ستافی فیلمەکە، بۆ نمایشکردنی ئەم بەرهەمە لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن و بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا تێدەپەڕن.
کۆسینسکی، پێشتر رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
بڕیارە 'Top Gun: Maverick' لە 25-5-2022 لە سینەماکانی فەرەنسا و لە 27 هەمان مانگ لە سینەماکانی ئەمریکا پێشانبدرێت.
جگە لە پێشاندانی فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکەدا، بڕیارە رێکخەرانی فیستیڤاڵەکەدا رێز لە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی و ئەستێرەی فیلمە ئەکشنەکان بگرن، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
کروز لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money' لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
بە نمایشکردنی فیلمی کۆمێدی 'Final Cut' چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دوێنی سێشەممە 17-5-2022، لە شاری کانی باشووری فەرەنسا دەستیپێکرد و چالاکییەکانی تاوەکو 28 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
'Final Cut' فیلمێکی فەرەنسییە و لە دەرهێنانی میشێل هازێناڤیسیۆسە و بە بودجەیەکی کەم بەرهەمهاتووە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدییەکانە و لە دەرەوەی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵ پێشاندرا.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شانازیی چڵەبەڕووی زێڕینی بە فۆڕێست وێتیکەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزلێنانێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
وێتیکەر، لە 15-7-1961 لە ئەمریکا دایکبووە، جگە لە ئەکتەری، بەرهەمهێنەر، دەرهێنەر و چالاکڤانە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە، ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و دوو خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە.
ئەو سینەکارە جگە لە کاری سینەمایی، بە کاری مرۆیی ناسراوە، لە 2011 وەک باڵیۆزی نیازپاکی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ دەستنیشانکرا، دواتر پلەی بۆ نێردەی تایبەت بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی بەرزکرایەوە.
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم کان لە 2020 و سازکردنی لە ساڵی دواتر، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ 75مین خولی بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەچێت.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژمارەیەک فیلمساز دەکات کە سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێکن لەبارەی زۆمبییەکان، بەڵام لە کاتی وێنەگرتندا، زۆمبی راستەقینەیان لێ پەیدا دەبێت و هێرشیان دەکرێتە سەر.
ئەم بەرهەمە سینەماییە کۆپی فەرەنسی فیلمی ژاپۆنی 'One cut of the dead'یە و پێشتر بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەی هەبووە.
ژمارەی هونەرمەندان و سینەماکارانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن، بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردووە، زیاترە.
بڕیارە فیلمی بایۆگرافی و میوزیکی 'Elvis' یەکەم پێشاندانی لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بێت و باز لۆرمان، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئۆسترالی لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە تیشک دەخاتە سەر ژیان و کارە هونەرییەکانی ئێلڤیس پریسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی، تێیدا تۆم هانکس، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی بەڕێوبەری کارەکانی دەگێڕێت کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوانیاندا هەبووە.
یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا نمایشدەکرێت، نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun'ـە کە بەناوی 'Top Gun: Maverick'ـە و بڕیارە بەشێک لە ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا تێپەڕن، لەوانە تۆم کروز، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە و دەرهێنەرەکەی جۆزێڤ کەسینسکی.
کۆسینسکی، رایگەیاندووە "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
هەر لە فیستیڤاڵەکەدا فیلمێکی دیکەی هۆلیوود پێشاندەدرێت، ئەویش فیلمی سینەمایی 'Thee Thousand Years of Longing'یە لە دەرهێنانی جۆرج میلەر و لە رۆڵگێرانی ئیدریس ئێلبا.
لە خولی ئەمساڵدا، بەخشینی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵ لەسەر سکرینە گەورەکانی فیستیڤاڵ بەشێوەی راستەوخۆ، پەخش ناکرێن، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە پەخشی راستەوخۆی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکان لەو سکرینانە پەخش دەکرا.
ڤێنسنت لەندەن، ئەکتەری فەرەنسی، سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە دەکات و لەم خولەدا پێنج دەرهێنەری ژن لە پێشبڕکێدان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵ کە چڵەبەڕووی زێڕینە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە فیلمی پێنج دەرهێنەری ژن بچنە نێو پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە سینەماییەکاندا.
سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئاشکرایان کردووە، لە خولی ئەمساڵدا بەکارهێنانی دەمامک ناچاری نابێت و بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەس داوا ناکرێت.
لە 74مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کە لە 2021 بەڕێوەچوو، جگە لە داواکردنی وەرگرتنی ڤاکسین و بەکارهێنانی دەمامک، ماچکردنیش لەسەر فەرشی سوور قەدەخکرابوو.
سەبارەت بە بەشداری رووسیا لە فیستیڤاڵەکەدا، ئەو سینەماکارانەی پەیوەندیان بە حکومەتی ئەو وڵاتەوە هەیە، ناتوانن لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار بن، لە بەرامبەردا، چەند فیلمێکی دەرهێنەرە ئۆکراینییەکان پێشاندەدرێن.
فیستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فیستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، وب یەکێک لە پێنج گرنگترین فیستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
فیستیڤاڵەکە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشی پێشبڕکێ و هەفتەی رەخنەگران و چەندین خەڵاتیش دەبەخشێتە فیلم و فیلمسازان، خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵیش چڵەخورمای زێڕینە.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یەڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فیستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ