فایەق رەسوڵ یادەوەرییە جێماوەکان بە رەنگی رەش لە رووبەرێکی سپیدا دەخاتەڕوو

17-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن فایەق رەسوڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێترین پێشانگەی هونەریی فایەق رەسوڵ بەناونیشانی "یادەوەرییە جێماوەکان"ـە، ئەمڕۆ لە ڤییەنای نەمسا دەکرێتەوە، تێیدا نوێترین ئەزموونی هونەریی خۆی لە رێگەی چەند تابلۆیەک دەخاتەڕوو.
 
فایەق رەسوڵ، بە رووداوی راگەیاند، 42ـەمین پێشانگەی تایبەتیی لە گەلەری "Die Blaue" لە ڤییەنا دەکاتەوە، لە هەمانکاتدا کەتەلۆگە نوێیەکەی بەناونیشانی "یادەوەرییە جێماوەکان لە 2015 بۆ 2024" لە 188 لاپەڕەدا بە زمانی ئەلمانی، کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەکاتەوە و پێشانگەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەکرێتەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشانگەکە 30 کاری هونەریی قەبارە جیاوازی 200150xسم بۆ 30X30سم لەخۆدەگرێت، وەک تەواوی پێشانگەکانی دیکەی رەنگی رەش لە کارە هونەرییەکانیدا زاڵە. گوتیشی، تەواوی تابلۆکان بریتین لە تاوتوێکردنی مژاری ترس، جەنگ و دڵەڕاوکێ لە رێگەی بەکارهێنانی رەنگی رەش لە ناو رووبەرێکی سپیدا. 
 
جگە لەو پێشانگە تایبەتە، فایەق رەسوڵ، بەو تابلۆیانەی لە چەندین پێشانگەی هاوبەشدا لە ڤییەنا بەشدار دەبێت.
 
فایەق رەسوڵ، لە 1955 لە کەرکووکی باشووری کوردستان لەدایکبووە، دەرچوونی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە، لە 1984 کوردستانی جێهێشتووە و لە نەمسا نیشتەجێبووە. 25 ساڵ بەڕێوەبەری گەلەری بووە، دامەزرێنەر و خاوەنی ساڵۆنی "Modena Art"ـە لە ڤییەنا، زیاتر لە هەزار کاری هونەریی ئەوروپی و هونەری هاوچەرخی کوردی لەخۆدەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە