'Smile 2' پێشبینییەکان تێدەپەڕێنێت و لە یەکەم هەفتەدا 23 ملیۆن دۆلار بەدەستدێنێت

21-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Smile"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باشترین کات بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمە ترسناکەکان، چارەگی چوارەمی ساڵە، ئەویش بەهۆی شەوی هاڵۆوینەوەیە کە گرێدراوی جیهانی ترسە. لەم هەفتەیەدا بەشی دووەمی فیلمی ترسناک "Smile" بڵاوکرایەوە و توانی پێشبینییەکان تێپەڕێنێت و 23 ملیۆن دۆلار لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا بەدەستبێنێت.
 
ئەم بەرهەمە ترسناکە بەو داهاتە توانی لە هەفتەی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا بێت. جگە لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 23 ملیۆن دۆلاری دیکەی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە، کۆی داهاتی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا 46 ملیۆن دۆلارە.
 
رووداوەکانی نێو ئەم بەرهەمە، تەواوکەری رووداوەکانی بەشی یەکەمن کە لە 2022 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە، سەرەتا بڕیاربوو بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاوبکرێتەوە، دواتر کۆمپانیای پارامۆنت ئاڕاستەی بڵاوکردنەوەی بۆ هۆڵە سینەماییەکان گۆڕی.
 
داهاتی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە 217 ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 17 ملیۆن دۆلار بوو، داهاتی یەکەم هەفتەشی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 22 ملیۆن دۆلارە.
 

ریزبەندی دووەمی لیستەکە، بۆ فیلمی "The Wild Robot" بوو و داهاتی 10 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بوو، کۆی داهاتی لە ماوەی چوار هەفتەدا گەیشتە 100 ملیۆن دۆلار. کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا لە ماوەی چوار هەفتەدا 196 ملیۆن و 46 هەزار دۆلارە.
 
"The Wild Robot" وەک فیلمێکی خێزانی ناسراوە و ئەو جۆرە فیلمانە تەمەنیان لە سینەماکاندا درێژە و داهاتی زۆر بەدەستدێنن. 
 
فیلمی ترسناک "Terrifier 3" بە کۆکردنەوەی نۆ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی سێیەمدا دێت و کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا گەیشتە 36 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار، کۆی گشتیی داهاتی لەو ماوەیەدا لە سینەماکانی جیهاندا 41 ملیۆن و 575 هەزار دۆلارە. لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن دۆلارە.
 
 

لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدا، فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" دێت و داهاتی حەوتەم هەفتەی پێنج ملیۆن دۆلار بوو و کۆی داهاتی لەو ماوەیەدا 284 ملیۆن دۆلارە.
 
ریزبەندی پێنجەم بۆ فیلمی رۆمانسی "We Live In Time" بوو و داهاتی چوار ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
 

فیلمی "Joker: Folie à Deux" شکستی لە رووی داهاتەوە بەردەوامە و لە سێیەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، دوو ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری بەدەستهێنا و لە ریزبەندی شەشەمدا هات، کۆی داهاتی لەو ماوەیەدا 56 ملیۆن و 400 هەزار دۆلارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆنیز ڤیلینۆڤ، دەرهێنەری کەنەدی

دۆنیز ڤیلینۆڤ: بە زووترین کات کار بۆ 'Dune 3' دەکەم

دۆنیز ڤیلینۆڤ، دەرهێنەری کەنەدی رایگەیاند، بە زووترین کات کاری دەرهێنان بۆ بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی "Dune" دەکات کە دوایین بەشی فیلمەکە دەبێت و بەناوی "Dune: Messiah"یە.