زەین مالیک بەهۆی مردنی لیەم پەین گەشتە هونەرییەکەی داوخست

21-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن لیەم پەین زەین مالیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زەین مالیک، گۆرانیبێژی بەریتانی بەهۆی کۆچی دوایی لیەم پەین، گۆرانیبێژی بەریتانی و هەردوو ئەندامی پێشووی گرووپی "One Direction"، گەشتە هونەرییەکەی دواخست.
 
بڕیاربوو زەین مالیک رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆنسێرتێک لە سان فرانسیسکۆ ساز بکەت، بەهۆیەوە خشتەی کاتی کۆنسێرتەکانی گۆڕانکارییان بەسەر دێت، بەڵام کۆنسێرتەکانی لە بەریتانیا وەک خۆیان دەبن.
 
پۆلیسی بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین، رایگەیاند، لیەم پەین (31 ساڵ)، رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە نهۆمی سێیەمی بالەکۆنی هوتێلێک لە بۆینس ئایرێس کەوتووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پەیوەندییان پێوە کرابوو کە "کەسێکی شەڕانگێز لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەر یا کحول" لە هوتێلەکەیە، ئەوکاتەی ئەوان گەیشتن، لە بالەکۆنی هوتێلەکە خۆی هەڵدابووە خوارەوە.
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی مردنی ئەو گۆرانیبێژە، بە دەیان هەواداری لە یۆینس ئایرێس لە نزیک هوتێلەکە ئامادەبوون و هاوخەمی خۆیان بۆ رووداوەکە پێشاندا، مۆمیان داگیرساند و چەپکە گوڵیان لە شوێنی رووداوەکە دانا.
 
ئیزابێلا میلیسی (21 ساڵ) هەودارارێکی پەین بوو و لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوو و لەبارەیەوە گوتی: "لەو بڕوایەدا نەبووم لە تەمنێکی زۆر بچووک بمرێت".
 
لیەم پەین، یەکێک لە پێنج ئەندامەکەی گرووپی "One Direction" بوو کە لە دوای بەشداربوونیان لە پرۆگرامی "The X Factor"ـی بەریتانی لە 2010 گرووپەکەیان دامەزراند. 
 
زەین مالیک ئەندامی "One Direction" بوو و لە 2015 وازی لە گرووپەکە هێنا. لەبارەی کۆچی دوایی پەین، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی "ئێکس" نووسیویەتی: "بەهۆی ئەو لەدەستدانە کاریگەری لەم هەفتەیەدا تێیدا ژیام، بڕیاری دواخستنی بەشی ئەمریکام لە گەشتە هونەرییەکەی "Stairway to the Sky" داوە، خشتە و مێژووی نوێ بۆ مانگی کانوونی دووەم دانراوە و لەگەڵ دیاریکردنیان لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا بڵاویان دەکەمەوە، بلیتەکانتان بۆ ئەو رێکەوتە نوێیانە کاریان پێدەکرێت. هەمووتانم خۆشدەوێت و سوپاسی تێگەیشتنتان دەکەم".
 
"One Direction" گرووپێکی پۆپی ئینگلیزی – ئێرلەندییە، لە 2010 لە لەندەن دامەزراوە، یەکێک لە گرنگترین گرووپی میوزیکی کوڕانە لە جیهاندا کە زۆرترین بەرهەمی فرۆشراوە. لە 2016 بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانی گرووپەکە وەستێندرا و هەریەک لە ئەندامانی بەرهەمی تاکە کەسیان بڵاوکردەوە.
 
گرووپەکە خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەمیان لە 2011 بەناوی "Up All Night" بڵاوکرایەوە و دوایین ئەلبوومی بەناوی "Made in the A.M" لە 2015 بڵاوکردەوە.
 
یەکەم گرووپی میوزیکییە لە مێژوودا چوار ئەلبوومی بەسەر یەکەوە لە ریزبەندی یەکەمی لیستی "Billboard 200"ـی ئەمریکیدا بێت، سێیەم ئەلبوومی گرووپەکە بەناوی "Midnight Memories" پڕفرۆشترین ئەلبوومی 2013 بوو لە جیهاندا. 
 
تاوەکو 2020 زیاتر لە 70 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی گرووپەکە لە ئاستی جیهاندا فرۆشراون. براوەی 200 خەڵاتە، لەوانە حەوت خەڵاتی برێت، چوار خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ، شەش خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و حەوت خەڵاتی میوزیکی ئەمریکییە.
 
داهاتی گرووپەکە لە 2013 زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار بوو و بیلبۆرد نازناوی "هونەرمەندی ساڵی" بە گرووپەکە بەخشی، لە 2015 ناوی گرووپەکە لە ریزبەندی چوارەمی لیستی فۆربێس بۆ داهاتی کەسانی بەناوبانگدا هات، لە 2016ـش ناویان لە ریزبەندی دووەمی هەمان لیستدا هات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە