لە لەندەن جلوبەرگ و نامە تایبەتەکانی مێرلین مۆنرۆ خرانەڕوو

19-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن مێرلین مۆنرۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە لەندەنی بەریتانیا، پێشانگەیەکی تایبەت بە مێرلین مۆنرۆ، ئەفسانەی هۆلیوود کرایەوە، تێیدا بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانی خراونەتەڕوو.
 
لە پێشانگەکەدا 250 پارچە کەلوپەلی ئەو ئەکتەرە سینەماییە خراونەتەڕوو، لەوانە بەشێک لە جلوبەرگ و نامە تایبەتەکانی.
 
پێشانگەکە رۆژی هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 تاوەکو 28 شوباتی 2025 بەردەوام دەبێت، هۆگرانی ئەو ئەستێرە سینەماییە دەتوانن لە نزیکەوە شتە تایبەتەکانی ببینن.
 
مێرلین مۆنرۆ، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مۆدێلێکی ئەمریکییە، بە رۆڵگێڕانی لە فیلمی کۆمیدی "Blonde Bombshell" ناوبانگی پەیداکرد، دواتر لە چەندین بەرهەمی دیکەی سینەماییدا بەشداربوو، بەهۆیەوە کۆی داهاتی فیلمەکانی تاوەکو مردنی لە 1962ـدا، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو کە بە دوو ملیار دۆلاری ئێستا دەخەملێندرێت. 
 
لە 1999 دامەزراوەی فیلمی ئەمریکی، ناوی لە ریزبەندی شەشەمی لیستی گەورەترین ئەفسانەی شاشەی ژن لە سەردەمی زێڕینی هۆلیووددا تۆمارکرد.
 
لە دوای بەشداریکردن لە چەند کورتە فیلمێک، لە 1950 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای فۆکس واژۆکرد و لە چەندین فیلمی کۆمێدیدا رۆڵی گێڕا، لەوانە "As Young as You Feel" و "Monkey Business"، لە 1953 بوو بە یەکێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود و فیلمەکانی زۆرترین داهاتیان هەبوو.
 
لە 1954 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی تایبەت بە خۆی دامەزراند، بەڵام دواتر کۆمپانیای فۆکس گرێبەستێکی نوێی پێبەخشی و کرێی بەشداریکردنی لە فیلمدا بەرزکردەوە.
 
لە رێگەی فیلمی "Some Like It Hot" کە لە 1959 بڵاوکرایەوە، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا و ئەم بەرهەمە لە هەردوو رووی بازرگانی و هونەرییەوە سەرکەوتوبوو، دوایین فیلمی تەواو نەکراوی ئەو ئەکتەرە بەناوی "The Misfits"ـە کە لە 1961 وێنەگیرا.
 
مۆنرۆ، ژیانێکی پڕ لە سەختی بەڕێکرد، هەر لە ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە بگرە، تاوەکو نەخۆشی دەروونی و پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ چەندین کەسایەتی و دواتریش جیابوونەوەی، دواجار لە تەمەنی 36 ساڵیدا لەرێگەی خواردنی دەرمانێکی زۆر کۆتایی بە ژیانی هێنا و بەم دواییە لە بەشێک لە میدیا ئەمریکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکرا کە کوژراوە، نەوەک خۆی کوشتبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە