رووداو دیجیتاڵ
ئاگرین دڵشاد، هونەرمەندی کورد ڤیدیۆ کلیپێکی نوێی بە ناوی "گەر" بڵاودەکاتەوە کە بەشێکە لە ئەلبوومی "تێناگەی".
وەکو لە تیزەری ڤیدیۆ کلیپەکەدا دەردەکەوێت، بەرهەمەکە لە دارستانێکی پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە و خانووێکی لە دار دروستکراوی تێدایە کە ئاگرین دڵشاد دەیسووتێنێت، دواتر پۆلیس و خەڵک دێنە شوێنەواری خانووەکە، بەڵام جارێ دیار نییە کە چیرۆکی تەواوی ڤیدیۆ کلیپەکە چییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-01-2021 کاژێر 18:00 ڤیدیۆکلیپی "گەر" لە چانێڵی یوتیوبی ئاگرین دڵشاد بڵاودەبێتەوە و ماوەی بەرهەمەکە 6:47 خولەکە و، نوێترین تەکنیکی سینەمایی و رەنگسازی بەکارهێنراوە.
ئاگرین دڵشاد تێکست و میلۆدی گۆرانییەکەی نووسیوە و کۆمپانیای ئارتین کڕاون کاری بەرهەمهێنان (پرۆدەکشن)ی بۆ کردووە، هەروەها کۆمپانیای ریکۆردەکانی "راگرین"یش کاری دەنگی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
ئاگرین دڵشاد خەڵکی شاری کەرکووکە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بەکالۆریۆسە لە بواری میوزیک. لە ساڵی 2007ـەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە. هەروەها لە تەمەنی 23 ساڵیدا بووە دادوەر لە پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەندانی بواری گۆرانی.
ئەو هونەرمەندە گەنجە زیاتر لە 100 کاری هونەری هەیە لە بوارەکانی دابەشکردنی میوزیک، نووسینی تێکست و، دروستکردنی میلۆدی.
یەکەمین ئەلبوومی گۆرانییەکانی بە ناوی (تێناگەی) لە ساڵی 2020 دا بڵاوکردەوە. ئەلبومی دووەمیشی بە ناوی (رەنگار) لە ئەیلوولی 2021 بڵاوکردەوە.
ئاگرین دڵشاد جگە لە بواری هونەری، لە بوارەکانی پەروەردە و ژینگە و ئاژەڵدۆستیدا چەندین کەمپەینی مەیدانی و هۆشیارکردنەوەی ئەنجامداوە بۆ برەودان بە پرسەکانی چاندنی نەمام و زیادکردنی رووبەری سەوزایی و پێدانی خواردن بە ئاژەڵانی بێلانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ