رووداو دیجیتاڵ
بابان کەرکووکی وەک لە ناوەکەیەوە دیارە خەڵکی کەرکووکە، دوو لە شارەکەی بەرهەمە شیعرییەکانی دەنگیانداوەتەوە. ئەو چەندین ساڵە وەکو شاعیری شار لە پارێزگەی ئوترێختی هۆڵەندا دەناسرێ، کە یەکێک لە گەورەترین و قەرەباڵخترین پارێزگەکانی هۆڵەندایە.
بابان جگە لە چوار دیوان، ژمارەیەکی زۆر شیعری لە گۆڤار، رۆژنامە و بەڵاڤۆکەکانی دیکەی هۆڵەندا بڵاوبوونەتەوە. لە شاری ئوترێختی مێژوویی، کاتێک بە شەقامەکانی سەنتەری شاردا دەڕۆیت، شیعرەکان بابان لەسەر شەقام هەڵکۆڵدراون.
لەبەردەم کتێبخانەی گشتیی شارەکەشدا شاشەیەک هەیە و 24 کاژێر شیعری بابان پەخشدەکرێن و رێبواران دەتوانن بیخوێننەوە.
بابان کەرکووکی بە رووداوی راگەیاند: "زمان بەشێکە لە نووسینی شیعر، بەڵام هەموو شتێک نییە، بەشێکی زۆر گرنگە، لە ئەورووپا زمان بەشێکە، بەس دەبێت زیاتر بیر و هزری تێدا دەبێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هۆنراوەی رۆژهەڵاتی زۆر جوانە، بەڵام هەستی زۆر زۆری تێدایە. لێرە پێیدەڵێن پەتێتیس، واتە زۆر موبالەخەکردن لە سۆزدا".
روونیشیکردەوە: "گرنگ هەر ئەوەیە کە تۆ روانگەیەکی تازە، بیرۆکەیەکی تازە، دنیایەکی جوانتر دروست بکەیت کە پێشتر خەڵک ئەو بیرۆکەیەی نەبووبێت. با بڵێن تۆ سەیری پردێک دەکەیت، هەموو کەس ئەو شتە دەبینێت، بەڵام تۆ چۆن خۆت لەگەڵ ئەو پردە، باسی ئەو پردە دەکەی یان خۆت ئەرکت چییە لەگەڵ ئەو پردە، ئەوە زیادکردنە بۆ شیعر".
کەرکووکی، گوتیشی: "ستانداردی شیعری ئەورووپی، بەڕاستی نێودەڵەتیش ئاسان نییە، زۆر بەرزە. تا شیعرێک بڵاو بێتەوە، دەچێتە لای چوار، پێنج کەس سەیری دەکەن، ئایا ئاستی زمان باشە، ئایا ئاستی بیرۆکەکە باسێکی بەهێزە، ستاندارتێکی زۆری تێدا هەیە تا شیعرێک بڵاوبێتەوە".
هەروەها دەڵێت: "ژیان شایەتییە بۆ روانینت لە ئاسۆ و هەنگاوەکانت لە رابردوو بە پیتە نووسراوەکان دەبەستێتەوە، هەموو وەرزەکان لەم شارە بێکۆتاییەدا خۆیان دەبیننەوە. ئەم شیعرە نووسراوە بە زمانی هۆڵەندی، ناوی ''Moedertaal''ـە، واتە زمانی دایک، لە 21ـی 3 بڵاودەبێتەوە، واتە لە رۆژی جیهانی شیعر و نەورۆزدا، بە چەندین زمان وەرگێڕدراوە، لەوانە ئینگلیزی و ئیتاڵی، خۆی هەر بە زمانی هۆڵەندیش نووسراوە، بە کوردی و بە عەرەبیش و بە چەند زمانێکی دیکەش".
ئەو شاعیر کوردە دیاسپۆرا نشینە روونیشیکردەوە: "یەکەمین شیعرم بە هۆڵەندی لە 2002 بڵاوکرایەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر، بەڵام دوای ئەوەی راستی بێت، باشترین شیعرەکان لە 2006 تەواو بوون و یەکەم دیوانم بڵاوبووەوە. دیوانی "بەرەو ئارارات"، بە کوردیش هەیە و بڵاوبووەتەوە".
لە بارەی بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی لە هۆڵەندا گوتی: "ئێرە کتێبخانەی گشتیی شاری ئۆترێختە لە کۆنترین باڵەخانەی شاری ئۆترێخت. لەم شاشەیەی بە 24 کاژێری دەیبینن، دەبوو شارەکەی من زۆر زۆر باشتر خزمەتکرابووایە، دڵی کوردستانە، قودسی کوردستانە، هەموو شتێکی کوردستانە، بەڵام ئەو خێرەی هەیەتی بۆ کۆمەڵگەکە نەبووە، ئەوە یەکەم شتە و دەمەوێت بڵێم وەرەسە بێت و شتێک بێت بۆ کەرکووک، ناوی کەرکووک بمێنێتەوە. خەڵکیش بزانێت خەڵکی کەرکووک شاعیریان هەیە، نووسەریان هەیە".
بابان کەرکووکی چوارەم دیوانی بەناوی "تیشکی نەناسراو" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت،
ئێستا کار لەسەر دیوانێکی نوێ دەکات، رەنگە ساڵێکی دیکە تەواو بێت. گوتیشی، لە 2006 کاتێک دیوانی ''بەرەو ئارارات''ـی بڵاوکردەوە، هەستیان کرد شاعیرێکی نوێ هەیە کە بە زمانی هۆڵەندی دەنووسێت، هەرچەند هۆڵەندی زمانی دایکی نییە و خەڵکی کەرکووکی کوردستانە.
هەروەها دەڵێت، دوای بڵاوکردنەوەی دووەم دیوانی بەناوی ''Lontananse'' لەو کاتەوە ئیتر کۆمەڵگەی هۆڵەندی، زیاتر بایەخیان بە شیعرەکانی داوە، لەبەر ئەوەی شتێکی جیاواز بوو. گوتیشی، ئەو بە شێوازێک شیعر دەنووسێت، بە زمانی هۆڵەندییە، بەڵام بیرۆکەکانیان رۆژهەڵاتین. نەوەک هزری رۆژئاوایی، بەڵکو ئاوێتەکردنە. ئەمەش شتێکی نوێ دەبەخشێتە شیعری هۆڵەندی.
بابان کەرکووکی لەبارەی ئەزموون و تیڕوانینی بۆ شیعر، گوتیشی: "تۆ چۆن نان دەخۆیت، پێویستیت بە نان خواردنە، شاعیریش پێویستی بە وشەیە. هەر چەند تەمەنت گەورە بێت، شیعرەکان یادگارییەکانیش دوور لێت دەکەونەوە، لەبەر ئەوەی لە وڵاتەکەت دووریت، بەڵام چەند شتێکی جوان لە کوردستان، لە کەرکووک هەیە، دەڵێن کۆڵانە کۆنەکانی کەرکووک، شەقامەکانی کەرکووک، ئەو یادەوەرییانەی کە لە کەرکووکدا هەبوو، شیعرم لەسەری نووسیوە. بێگومان ئەوە بەشێکە لە ژیانی خۆم، نامەوێت نەمێنێت، بەڵکو دەمەوێت بەردەوام بمێنێت. من هەست دەکەم پێویستییەکە بە زمانی هۆڵەندی بنووسم، بۆ ئەوەی ئیشەکانم بە کۆمەڵگەی هۆڵەندی بگەیەنم، ئەگەر من هەر بە کوردی شیعر بنووسم، واتە لێرە خەڵک نایخوێنێتەوە. من هەستم بەوە کرد، یەکەم شت کە هاتمە هۆڵەندا، دەبێت باش فێری زمانی هۆڵەندی بم، بۆ ئەوەی ئەو هەستە و ئەو بیروبۆچوونە و ئەو مێژووەی کە من لە کەرکووکەوە هێناومە، بگەیەنمە هۆڵەندا، نەک بەس باسی کوردستان بکەم، بەڵام وەکو شاعیرێکی کورد بە زمانی هۆڵەندی بناسرێم، و ئیشەکانم بۆ هەموو کۆمەڵگەی ئەورووپی و بۆ هۆڵەند بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ