رووداو دیجیتاڵ
دیاسپۆرای کوردی دیاسپۆرایەکی پڕ لە دینامیکیی جوانە. بۆیە لە شۆیەکی وەک ئەوەی ئێمەشدا ئەو فرەچەشنی و دینامیکییە دەبینن. رۆژووگر و نوێژخوێنی دیاسپۆرانشین کاری خۆیان دەکەن، ئەوانەی لە ناهاوسەنگییە کۆمەڵایەتی و داراییەکان لە کۆمەڵگەکانی دیاسپۆرای کوردی دەکۆڵنەوە کاری خۆیان دەکەن، ئەوەی شاعیرێکی ناسراوی لێدەرچووە، ئەویش کاری خۆی دەکات، هەروەها ئەوانەش کە بایەخ بە جوانی و جوانکاری دەدەن، ئەوانیش کاری خۆیان دەکەن.
دوو کچی کورد میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوون، دەیانەوێت بە جوانکاری و بایەخدان بە جوانی، شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بکەنەوە.
ڤیان خەلیل، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و تەمەنم 27 ساڵە و پێنج ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و مارلین تەمەنی 23 ساڵە و کوردی رۆژئاوای کوردستانە، ماوەی 15 ساڵە لە ئەڵمانیایە.
مارلین و ڤیان میوانی ستۆدیۆی دیاسپۆرابوون و باسی یەکدیناسینی خۆیان و پێکەوە کارکردنی خۆیان کرد و لەبارەی یەکدیناسینیانەوە مارلین، نمایشاکار و شارەزای جوانکاری گوتی: "زۆر دڵخۆشە بەو هاوکارییە، حەزم لە چیرۆکی ئەو هاوڕێیەتییە خۆشەیە کە لەنێوان من و ڤیان هەیە، لەسەر تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکدیمان ناسی، لەوێوە زانیاریمان لەسەر یەکدی پەیدا کرد و دەستمان کرد بە دروستکردنی ڤیدیۆ پێکەوە".
ڤیان خەلیل، نمایشکار و شارەزای جوانکارییە، لەبارەی یەکدیناسینیان گوتی: "راستەوخۆ نەچووم بۆ لای مارلین، سەرەتا دەستم بە کاری رۆژنامەڤانی کردبوو، هەروەک مارلین باسی کرد، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکدیمان ناسی، وەک هەموو کەسێک دەزانێت، لە سەرەتادا زمانی کوردیم لاواز بوو، کاتێک یەکدیمان ناسی، مارلین ڤیدیۆیەکی منی بینی کە بە زمانی تورکی کردبووم، زۆر لاواز بوو و پێی پێکەنی، دوای ئەوەی یەکدیمان ناسی لەسەر بنەمای زمان، چۆن بیڵێم کە لاواز بوو، پێش بەرنامەکە مارلین گوتی بیری دێتەوە دوای ئەوەی یەکدییان ناسی، لەسەر بنەمای زمان باش پێکەوە کارمان کرد، پێشتر بووینە هاوڕێی یەکدی، ئێستا توانای قسەکردنم بە کوردی زۆر باشتر بووە، ئەمەش زۆر خۆشە، ئێمە بەم شێوەیە بووین". دەشڵێت: "دوو برای دیکەم زۆر حەزیان لە کار بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ئەڵمانیا بوون، پێنج ساڵ پێش ئێستا زۆر ئەستەم بوو بۆ من کار بکەم، زۆر سەختە بتەوێت دەرفەتی کار بدۆزیتەوە، پێویستت بە زمان دەبێت، ئەو کاتە زۆر ئەستەم بوو بۆ من، دواتر بینیم کاری ئەوان چەند خۆشە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەوروبەریان داگیر کردووە، هەماهەنگیم لەگەڵیان کرد و دەستمان بە کارکردن کرد، سەرەتا کۆمەڵێک سەرئێشە هەبوو، سەرئێشەی زۆر، نا، نا، بەڵام ئێستا زۆر خۆشە".
لەبارەی خەون و ئامانجەکانیان مارلین دەڵێت: "بەڕاستی ئارەزوو دەکەم ناوەندێک بکەمەوە، تێیدا کاربکەم و خوێندکاران و فێرخوازان فێربکەم و کارەکەم فراوان بکەم".
ڤیان دەڵێت: "زۆر خۆشە لەگەڵ هاوڕێکەم کاربکەم، بەڵام من دەمەوێ بەشی راگەیاندن تەواوبکەم، ئێستا کاری رێکلام دەکەین و کارێکی زۆر خۆشە و نزیکە لە کاری راگەیاندن".
لەبارەی ژیان لە ئەڵمانیا وەک کۆچبەر و جیاوازیکردن لەنێوان ئەوان و کەسانی بە بنەچە ئەڵمانی، ڤیان دەڵێت: "بەڕاستی جیاوازییەک هەیە ئەگەر وردتر سەیری بکەیت، مووچەی ئێمە وەک کۆچبەر جیاوازە لە مووچەی ئەڵمانییەکان کە لێرە لەدایکبوونە و لێرە خوێندوویانە و کاریان کردووە، بەڵام دەرفەتیش زۆرە، دەوڵەت زۆر دەرفەتی خستووەتە بەردەستمان وەک فێربوونی زمان، بەشداریکردن لە چالاکی وەرزشی و کۆمەڵایەتی، دەرفەتی کۆمەڵایەتی زۆرە بۆ ئەوەی ئێمە بەشدار بین، رێگای پێشکەوتنمان هەیە، بەڵام سەرەتا زەحمەتە، بەتایبەت لەرووی زمانەوە، مرۆڤ دەبێت کاتێک بە باشی فێری زمان بووی ئەوکات دەرفەتەکان باشتر دەبن و جیاوازییەکانیش کاڵتر دەبنەوە".
مارلین دەڵێت: "هەست دەکەین لەهەندێک رووەوە جیاوازی هەبێت، بەڵام لەو بوارەی ئێمە تێیدا کار دەکەین، جیاوازیمان نەبینیوە، کاری ئێمە لە هی ئەڵمانییەکان خۆشترە، پاکتر و باشترە، من سەردانی ناوەندە ئەڵمانی، عەرەبی و کوردییەکان دەکەم و بەراوردیان دەکەم، کاری ئێمە باشترە و من هیچ جیاوازییەک نابینم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ