جەیسن مەمۆوا: لە '10 Fast & Furious' رۆڵی خراپەکار دەگێڕم

07-03-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن جەیسن مەمۆوا ڤێن دیزڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جەیسن مەمۆوا، ئەکتەری ئەمریکی، رایگەیاند، لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Fast & Furious' بەشدار دەبێت و رۆڵی کارەکتەری خراپەکار دەگێڕێت.
 
ئەو ئەکتەرە رایگەیاندووە، ماوەیەکی زۆرە رۆڵی کارەکتەری خراپەکاری نەگێڕاوە، بۆیە بە پەرۆشە بۆ گێڕانی ئەو رۆڵە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو ئەکتەرەدا کردووە بۆ رۆڵگێڕان لەم بەرهەمەدا، بەڵام مەمۆوا هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە نەبوو.
 
پێشتر میدیاکان بڵاویانکردبووەوە، بەرهەمهێنەرانی 'Fast & Furious' لە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ مەمۆوا، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە فیلمەکەدا رۆڵی خراپەکار بگێڕێت.
 
بەشی دەیەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە دوایین بەشی زنجیرەکە  دەبێت و بە دوو بەشی جیا بڵاودەکرێنەوە.
 
کۆمپانیای یۆنیڤێرساڵ بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە و هیچ وردەکارییەکی لەبارەی بەشی نوێ نەخستووەتەڕوو.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 19-4-2023 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە و پێشتر ئامادەکاری بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی دەستیپێکردووە.
 
ڤێن دیزڵ، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە پێشتر بەرهەمهێنانی بەشی نوێی ئەم بەرهەمەی رایگەیاندبوو، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداری دوەین جۆنسن بدات.
 
بەهۆی هەندێ کێشەی نێوان دیزڵ و جۆنسن، بە تایبەتیش لە لێدوانەکانیاندا، جۆنسن کە بە زە رۆک ناسراوە، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە حوزەیرانی 2021 لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دیزڵ قسەی کردووە و پێیگوتووە، ئەو لە بەشی نوێی 'Fast & Furious' بەشدار نابێت.
 
بڕیارە ئەکتەرە بەشداربووەکانی بەشەکانی پێشوو لە بەشی نوێدا بەشداربن، هەروەها پێشبینی دەکرێت چارلز سیرۆن، ئەکتەری ئەمریکی لەم بەشەدا بەشدار بێت.
 
یەکەم بەشی 'Fast & Furious' لە 2021 بڵاوکرایەوە و دوایین بەشی بەناوی 'F9: The Fast Saga' بڵاوکرایەوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلار بوو.
 
داهاتی ئەم بەشە لە سینەماکانی جیهاندا لە سەردەمی کۆرۆنادا، 756 ملیۆن و 229 هەزار دۆلاری ئەمریکی بوو، داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 70 ملیۆن و 43 هەزار دۆلار بوو.
 
بەشی حەوتەمی ئەم بەرهەمە بەناوی 'Furious 7' لە 2015 بڵاوکرایەوە، بەشی هەشتەمیشی بەناوی ' The Fate of the Furious' لە 2017 بڵاوکرایەوە و بە پڕداهاتترین بەشەکانی ئەم بەرهەمە سینەماییە دەناسرێن و داهاتی هەریەکەیان یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
'Fast & Furious' یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکانی سینەمای جیهانە و کۆی داهاتی هەر نۆ بەشی لە سینەماکانی جیهاندا، شەش ملیار و 614 ملیۆن و 439 هەزار دۆلارە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەکشنە، سەرکێشی و پێشبڕکێی نا یاسایی بە ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکاندا لەخۆدەگرێت و تیشک دەخاتە سەر مژاری، دزین، سیخوڕی و خێزان.
 
بەهۆی ئەو پێشوازییە زۆرەی لەم بەرهەمە سینەماییە کراوە، بەرهەمهێنەرانی وەک یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمیانهێناوە.
 
جەیسن مەمۆوا، لە 1-8-1979 لە ئەمریکا لە دایکبووە، جگە لە ئەکتەری، وەک نمایشکاری جلوبەرگیش ناسراوە، لەرێگەی کارەکتەری رۆنۆ دیکس لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Stargate Atlantis' ناوبانەگی پەیداکرد کە لە 2005 - 2009 بڵاوکرایەوە.
 
لە 2011 لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'Conan the Barbarian' ناوبانگی زیاتری پەیداکرد، بەڵام ئەوەی ناوبانگی جیهانی پێبەخشی، بەشداریکردنی بوو لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی 'Game of Thrones'.
 
لە 1998 وەک نمایشکاری جلوبەرگ چووەتە نێو دنیای فاشن، لە 1999 نازناوی نمایشکاری جلوبەرگی هاوایی وەرگرتووە، دواتریش خۆی بۆ شاجوانی نەوجەوانان لە هاوایی بەربژێکردووە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە