رووداو دیجیتاڵ
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Fast & Furious' بە ناوی 'Fast X' لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت و داهاتی گەیشتووەتە 361 ملیۆن و 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 19ـی ئایاری 2023 لە سینەماکاندا پێشاندرا و داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 91 ملیۆن و 235 هەزار دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 269 ملیۆن و 815 هەزار دۆلارە.
لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکەدا، ترسناکترین کەس رووبەڕووی گرووپێک لە هاوڕێیان دەبێتەوە و مەترسییەکی گەورە لەسەریان دروست دەکات.
فیلمەکە لە دەرهێنانی لویس لوتەوێرە و ڤێن دیزڵ، جەیسن ستەیتم و میشێڵ رۆدریگز رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و دیسان سەرکێشییەکان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەردەوامە.
یەکەم بەشی 'Fast & Furious' لە 2021 بڵاوکرایەوە و دوایین بەشی بەناوی 'F9: The Fast Saga' بڵاوکرایەوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلار بوو.
داهاتی ئەم بەشە لە سینەماکانی جیهاندا لە سەردەمی کۆرۆنادا، 756 ملیۆن و 229 هەزار دۆلاری ئەمریکی بوو، داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 70 ملیۆن و 43 هەزار دۆلار بوو.
بەشی حەوتەمی ئەم بەرهەمە بەناوی 'Furious 7' لە 2015 بڵاوکرایەوە، بەشی هەشتەمیشی بەناوی 'The Fate of the Furious' لە 2017 بڵاوکرایەوە و بە پڕداهاتترین بەشەکانی ئەم بەرهەمە سینەماییە دەناسرێن و داهاتی هەریەکەیان یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
'Fast & Furious' یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکانی سینەمای جیهانە و کۆی داهاتی هەر نۆ بەشی لە سینەماکانی جیهاندا، شەش ملیار و 614 ملیۆن و 439 هەزار دۆلارە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەکشنە، سەرکێشی و پێشبڕکێی نا یاسایی بە ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکاندا لەخۆدەگرێت و تیشک دەخاتە سەر مژاری، دزین، سیخوڕی و ماڵبات.
بەهۆی ئەو پێشوازییە زۆرەی لەم بەرهەمە سینەماییە کراوە، بەرهەمهێنەرانی وەک یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمیانهێناوە.
لەم بەرهەمەدا جەیسن مەمۆوا، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی نەیار دەگێڕێت و رووبەڕووی گرووپەکەی ڤێن دیزڵ دەبێتەوە.
مەمۆوا، لە 1ـی ئابی 1979 لە ئەمریکا لە دایکبووە، جگە لە ئەکتەری، وەک نمایشکاری جلوبەرگیش ناسراوە، لەرێگەی کارەکتەری رۆنۆ دیکس لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Stargate Atlantis' ناوبانەگی پەیداکرد کە لە 2005 - 2009 بڵاوکرایەوە.
لە 2011 لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'Conan the Barbarian' ناوبانگی زیاتری پەیداکرد، بەڵام ئەوەی ناوبانگی جیهانی پێبەخشی، بەشداریکردنی بوو لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی 'Game of Thrones'.
لە 1998 وەک نمایشکاری جلوبەرگ چووەتە نێو دنیای فاشن، لە 1999 نازناوی نمایشکاری جلوبەرگی هاوایی وەرگرتووە، دواتریش خۆی بۆ شاجوانی نەوجەوانان لە هاوایی بەربژێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ