6 هونەرمەند خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووە

دوێنێ کاژێر 02:08
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەنێو هەزار و 191 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شەش هونەرمەند خۆیان بەربژێر کردووە.
 
لەنێو لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو هونەرمەند بەربژێرن، کە بریتین لە فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی هەولێر و رێکیش سەیرانی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی زاخۆ بەربژێرن.
 
لە لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، تەنیا هونەرمەندێک بەربژێرە کە بوخاری جەمیلە، وەکو ئەکتەرێک لە چەندین درامادا رۆڵی گێڕاوە، ئەو لە کارنامەکەیدا جگە لە بوارەکانی دیکە، بەرنامەی بۆ بواری هونەر و هونەرمەندانیش هەیە و پێیوایە، "بەشێکی هونەرمەندان دۆخیان خراپە و باری داراییان وەکو پێویست نییە، بەشێکیان لەپێناو داهات، خزاونەتە نێو کۆمەڵێک درامای ئاست نزم و ئاستی هونەرەکەشیان دابەزاندووە، خۆیان کارەکەیان بە دڵ نییە، بەڵام لەپێناو بژێوی ژیان ناچارن ئەو کارە بکەن و ئەو رۆڵانە بگێڕن."
 
بوخاری جەمیل پێیوایە "دەبێت پەرلەمان، شکۆی هونەرمەندان بپارێزێت، دۆخێکیان بۆ دروست بکرێت باری داراییان باش بێت و ناچار نەبن لەپێناو پارە ئاستی هونەرەکەیان دابەزێنن، دەمەوێت ئومێدیان بۆ بگەڕێنمەوە."
 
فەرهەنگ غەفوور، لەبارەی بەربژێربوونی و چاوەڕوانییەکانی لە دەنگدەران، بە رووداوی گوت، "پێموایە هونەرمەندی رەسەن، دەنگی رەسەن بەدەستدەهێنێت."
 
هەروەها هونەرمەند رێکیش سەیرانی، کە لە بازنەی پارێزگەی دهۆک لەسەر لیستی پارتی بەربژێرە، بە رووداوی گوت، "هونەر موڵکی هەموو گەلی کوردە، ئێمەی هونەرمەند خزمەتی زمانی دایک و هەموو خەڵکی کوردستانمان بە هونەرەکەمان کردووە."
 
لەبارەی کارنامەکەشیەوە، رێکیش سەیرانی دەڵێت، "هونەرمەندان کێشەیان زۆرە، ئەگەر بگەمە پەرلەمان، رەنگە بتوانم لە رێگەی پەرلەمانەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی زۆر لە کێشەکانی هونەرمەندان بدەم."
 
رووپاک عەبدولقادر، هونەرمەندێکی دیکەی بواری شانۆ و درامای هەولێرە و لەسەر لیستی بەرەی گەل، تاکە بەربژێری هونەرمەندە. ئەو ژنە هونەرمەندە دەڵێت، ئەگەر بگاتە پەرلەمان "کار لەسەر گەڕانەوەی شکۆی هونەری رەسەنی کوردی و هونەرمەندان دەکەم، کار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانە دەکەم کە چەند ساڵە لە سەندیکای هونەرمەندانەوە دراونەتە پەرلەمانی کوردستان و ئەوانەش کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، فەرامۆشی کردوون."
 
د. فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و شێوەکار وەکو سەربەخۆ خۆی بەرژێر کردووە، ساڵانی رابردوو چەند پێشانگەیەکی شێوەکاری کردووەتەوە.
هەروەها لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، هەردی سەڵاح، تاکە بەربژێری هونەرمەندە.  هەردی سەڵاح چەند ساڵێکە وازی لە کاری هونەری هێناوە و تێکەڵی کاری سیاسی بووە.
 
بڕیارە 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، 1191 بەربژێر کە 368 یان ئافرەتن، لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارن و کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە