بە دیزاینەکانی شانێل هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس کۆتاییهات

دوێنێ کاژێر 08:16
پەسار فایەق
نیشانەکردن شانێل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوایین نمایشی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، بە خستنەڕووی نوێترین کۆمەڵە دیزاینی براندی شانێل بوو، تایبەت بە وەرزی بەهار و هاوینی 2025.
 
نمایشەکە لە یەکێک لە بەناوبانگترین شوینەکانی پاریسی فەرەنسا بەڕێوەچوو، ئەویش کۆشکی گەورەی پاریس "Grand Palais" بوو کە لە ئاست ناوبانگی ناوی ئەو براندەی جیهانی فاشن بوو.
 
لە نمایشەکەدا جلوبەرگی ئامادەکراوی ژنان بۆ وەرزی بەهار و هاوین ئامادەکرابوون و رەنگی جیاوازی تێدا بەکارهاتبوون. 
 
بە بڕوای بەشێک لە رەخنەگرانی بواری فاشن، کۆمەڵە دیزاینەکەی ئەمجارەی شانێل لە ئاست گەورەیی ناوەکەی نەبووە.
 
لە نمایشەکەدا، رایلی کیۆ، نەوەی ئێلڤیس پرێسلی، ئەفسانەی میوزیکی رۆک ئاند رۆڵ ئامادەبوو و گۆرانییەکی پێشکێشکرد.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بۆ جلوبەرگی ژنان تایبەت بە بەهار و هاوینی 2025 لە 23ـی ئەیلوول تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە پاریس بەڕێوەچوو.
 
هەفتە نمایشەکان ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێن، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوان و هەفتە نمایشی جلوبەرگی ئاسایی و گرانبەهاش لەخۆدەگرێت.
 
میلان، پاریس، لەندەن و نیویۆرک، لە هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانی جیهانن و رکابەریان نییە.
 
لە 1ـی تاوەکو 7 ئەیلوولی 2024 هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی تایبەت بە وەرزی بەهار و هاوینی 2025، لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو. هەفتە نمایشەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بێتە ئاستی هەفتە نمایشە گرنگەکان لە جیهاندا. 
 

 

 

 

 

 

 
  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە