لە پاریس نوێترین دیزاینەکانی ئیلی سەعب خرانەڕوو

06-03-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئیلی سەعب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیلی سەعب، دیزاینەری لوبنانی کە ناوبانگییەکی جیهانیی هەیە و لە گرنگترین هەفتە نمایشەکانی جیهاندا بەرهەمەکانی دەخاتەڕوو، نوێترین دیزاینەکانی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس خرانەڕوو.
 
ئەو دیزاینەرە بەوە ناسراوە کە دیزاینەکانی سادە و سەرسوڕهێنەرن و زیاتر بۆ ئەستێرەکان گونجاوە کە لەسەر فەرشی سوور دەرکەون.
 
دیزاینەکان تایبەت بە وەرزی پاییز بوون و لە کۆشکی تۆکیۆ لە پاریسی فەرەنسا، لەلایەن ژمارەیەک نمایشکاری جلوبەرگ خرانەڕوو.
 
لە دیزاینەکاندا پانتۆڵی ئاوریشمی و پێڵاوی چەرمیی رەشی پاژنە بەرز بەرچاو دەکەوتن و رەنگی رەش بەسەر دیزاینەکاندا زاڵ بوو، گوڵە رەنگاوڕەنگەکان کە ژیانی سەدەی 17ـی هۆڵەندییان بیردەخاتەوە لە دیزاینەکاندا بەرچاو دەکەوتن.
 
لە نمایشەکەدا ژمارەیەک ئەستێرە ئامادەبوون و لە ریزی پێشەوەی نمایشەکە بوون، لەوانە سیارا، گۆرانیبێژی ئەمریکی و ئەڤریل لاڤین، گۆرانیبێژی کەنەدی، جگە لە بینینی دیزاینەکان، پێدەچوو بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لە دیزاینەکان ئامادەببوون.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس ساڵانە لە چەند وەرزێکدا بەڕێوەدەچێت، هەفتە نمایشی ئەمجارەی لە 27ـی شوباتی 2023 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئازار لە پاریس بەردەوام دەبێت و تایبەت بە دیزاینەکانی پاییز – زستانی 2023 و 2024ـە.
 
لە هەفتە نمایشەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە دیزاینەر و براندە جیهانییەکان کۆلێکشنەکانیان دەخەنەڕوو.
 
ئیلی سەعب، لە 1964 لە بەیروت لە دایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەهرەی لە بواری دیزایندا دەرکەوتووە و وێنەی جلوبەرگی بە وێنە کێشاوە و جلی بۆ خوشکەکەی دیزاینکردووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا لە پاریس خوێندوویەتی، دواتر گەڕاوەتەوە لوبنان و خانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە و وەک دیزاینەرێک کاری کردووە.
 
لە 1997 یەکەم کۆلێکشنی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی لوبنان بڵاوکردەوە، ئەویش لە ئیتاڵیا بوو و یەکەم دیزاینەری عەرەب بوو بەرهەمەکانی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی رۆما بخرێنەڕوو، لە 2002 هالی بێری، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار جلێکی لە دیزاینی ئەو دیزاینەرە پۆشی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە