لە چیای گابار رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت

29-04-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی چیای گاباری باکووری کوردستان رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت و لە کێڵگەی ساکاریاش 4.5 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنرێت. وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت ساڵی داهاتوو 20٪ـی پێداویستی وزە لە ناوخۆ دابین دەکەن. 
 
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی دووشەممە، 29ـی نیسانی 2024 لە زانکۆی ئیبن خەلدوون لە ئیستەنبووڵ گوتی، بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی گازی ساکاریا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 500 هەزار ملیۆن مەتر سێجا ئەمەش بەو مانایەیە کە لەو کێڵگەیەوە پێداویستیی گازی سرووشتی یەک ملیۆن و 800 هەزار ماڵ دابین دەکرێت.
 
زۆربەی ئەو نەوتەی تورکیا بەرهەمی دەهێنێت، دەکەوێتە باکووری کوردستان، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا گوتی: "ئێستا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت لە گابار بەرهەم دەهێنرێت. ئەم ژمارەیە بۆ 100 هەزار زیاد دەبێت. بەمەش ساڵی داهایوو 20٪ی پێداویستیەکانی تورکیا لە وزە، لە نێوخۆدا دابین دەکرێت."
 
بایراکتار هەر ئەمڕۆ 29ی نیسان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی بەریتانی رایگەیاند تورکیا بۆ کڕینی گازی شل لە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە دانوستاندانەیە، ئەگەر دانوستانەکان تەواو بکرێن، رێککەوتنەکەیان رەنگە 10 ساڵ بخایەنێت، بە رێککەوتنەکە، تورکیا دەتوانێت ساڵانە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن گازی شل دابین بکات.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە