رووداو دیجیتاڵ
بەهاى ئەو پارەیەى لەو بانکانەدان کە لە عێراق کاردەکەن، گەیشتووەتە 127.6 تریلیۆن دینار و 4.2% زیادبووە. تێکڕاى ئەو پاریەش کە لە بانکەکان داندراون 18.7 تریلیۆن دینارە. گەشەى بەهاى یەدەگى زێڕى بانکى ناوەندی 57% بەراورد بە سێ مانگى کۆتایی 2023 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 16.8 تریلیۆن دینار.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـى کانوونى یەکەمى 2024، بانکى ناوەندیی عێراق ئامارى پێنوێنیى گەشەى دارایی و ئابووریى عێراقى بۆ چارەکى کۆتایی ئەم ساڵ بەراورد بە چارەکى کۆتایی ساڵى 2023 بڵاوکردەوە.
بە گوێرەى ئامارەکە، تێکڕاى بەهاى ئەو پارەیەى لەو بانکانەن کە لە عێراق کاردەکەن، 4.2% زیادی کردووە بەراورد بە سێ مانگى کۆتایی ساڵى 2023 و بەهاکەى گەیشتووەتە 127.6 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا پار لە هەمان ماوەدا 122.4 تریلیۆن دینار بووە.
ئەو پارەیەى کە لە بانکە تایبەتەکان داندراون، 14% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 18.7 تریلیۆن دینار، بەراورد بە سێ مانگى کۆتایی پار کە 16.4 تریلیۆن دینار بووە، هەروەها بڕى ئەو پارەیەى کە لەلایەن بانکە تایبەتەکانەوە بە قەرز دراون 15.1% زیادی کردووە و گەیشتووتە 12.2 ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا چارەکى کۆتایی ساڵى 2023 بڕەکەى 10.6 تریلیۆن دینار بووە.
بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاندووە، لە چارەکى کۆتایی ئەم ساڵ بەهاى زێڕى یەدەگى بانکەکە گەیشتووەتە 16.8 تریلیۆن دینار و بەراورد بە بەهاى ئەو زێڕە یەدەگە لە هەمان ماوەى پار 57% گەشەى کردووە، بەوپێیەى چارەکى کۆتایی ساڵى 2023، بەهاکەى گەیشتبووە 10.7 تریلیۆن دینار و رێژەى هەڵاوسانى ئابووریش لە مانگەکانى ئاب و ئەیلوولى ئەم ساڵ لەنێوان 3.7% و 3.1% بووە، بە گوێرەى بانکى ناوەندى ئەوە "رێژەیەکى گونجاوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ