کەلوپەلی خۆراکی دهۆک: ئەم مانگە نزیکەی 9 هەزار تۆن خۆراکمان دابەشکردووە

29-12-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو - رادیۆ

بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی پارێزگای دهۆک دەڵێت، دابەشکردنی بەشەخۆراکی نۆیەم لە ئەمساڵدا کۆتایی هاتووە و نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکی مانگانەیان وەرگرتووە.
 
هەجەر تاهیر عەلی، میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە پرۆسەی دابەشکردنی خۆراک لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ کرد و گوتی، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە دابەشکردنی بەشەخۆراکی نۆیەم لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ کۆتایی هاتووە و هەموو دانیشتووانی پارێزگاکە خۆراکیان بەسەردا دابەشکراوە.
 
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، مانگانە زیاتر لە 300 هەزار خێزان سوودمەند دەبن لە بەشەخۆراک، واتا نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار دانیشتووی پارێزگاکە، لەگەڵ ئاوارە ناوخۆییەکان بەشەخۆراک وەردەگرن.
 
لەبارەی بڕی ئەو خۆراکەی دابەش دەکرێت، هەجەر تاهیر گوتی، مانگانە نزیکەی 9 هەزار تۆن خۆراک دابەش دەکرێت و ئەو خۆراکانەی ئەم مانگە دابەشکرابوون شەش مادە بوون، هەر کەسێک بڕی نزیکەی 6.4 کیلۆگرام خۆراکی بەردەکەوێت:
 
برنج، 3 کیلۆگرام
شەکر، یەک کیلۆگرام
رۆنی شل، یەک لیتر
لەتکەنۆک، نیو کیلۆگرام
نیسک، نیو کیلۆگرام
دۆشاوی تەماتە، 400 گرام
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 14 مەڵبەندی دابەشکردنی خۆراک هەن کە 1186 بریکاری خۆراک مانگانە خۆراک دابەش دەکەن. هەجەر تاهیر دەڵێت، لە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک لیژنەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ بەدواداچوونی گرفتی بریکارەکانی خۆراک دەکات.
 
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک دەڵێت، بەگوێرەی پلانی بەبازاڕکردنی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک، "کەرەستەی زۆرمان بۆ دێت و لۆدێکی زۆر لەسەر کۆگەکانمان هەن، ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆگەیەکی بە کرێ گرتووە بۆمان، لەکاتی دواکەوتنی دابەشکردنی خۆراک گرفت بۆ کۆگەکانمان دروست دەبێت، ئێمە پێویستمان بە 20 کۆگەیە، بەڵام ئێستا 12 کۆگە بەکاردەهێنین، 3 کۆگەشمان لای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق".
 
هەجەر تاهیر لەڕێگەی رووداوەوە داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لەکاتی گەیشتنی خۆراک بە بریکارەکان بەزوویی بچن خۆراکەکانیان وەربگرن: "بۆ ئەوەی خراپ نەبن و گرفت بۆ ئێمە و ئەوانیش دروست نەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە