رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرانی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێن، دادگەی فیدراڵیی عێراق دادگەیەکی دەستوورییە و چاودێریی دەستووریبوونی یاساکان دەکات، دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەسەڵاتی جێبەجێکردن پابەند بکات بە ئەنجامدانی کارێک.
رۆژی 21-2-2024 دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی چەند سکاڵایەک کۆبووەوە کە یەکێکیان پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو.
سکاڵاکاران سکاڵایان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکردبوو، داوایان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کردبوو بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023.
هەروەها داوایان کردبوو، ئەو کێشەیەی کەوتووەتە نێوان هەردوو سکاڵالێکراو یەکلایی بکاتەوە کە بووەتە هۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و پابەندیان بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق.
وەک لە دەقی نووسراوەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراقدا هاتووە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەو دانیشتنەدا پارێزەرانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی سکاڵاکاریان لە دادگەی فیدراڵی دایەوە و رایانگەیاند، "داواکاریی سکاڵاکاران لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی دادگەی فیدراڵییدا نییە کە بە گوێرەی مادەی 93ی دەستووری عێراق تایبەتمەندییەکانی دەستنیشان کراون، چونکە دادگەی فیدراڵی دادگەیەکی دەستوورییە و چاودێریی دەستووریبوونی یاساکان دەکات و دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەسەڵاتی جێبەجێکردن پابەند بکات بە ئەنجامدانی کارێک".
هەروەها لە دەقی نووسراوەکەی دادگەی فیدراڵییدا لەبارەی دانیشتنەکە هاتووە، "پارێزەرەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایانگەیاندووە، ئەو سکاڵایە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە نییە، چونکە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی ئەو نییە، بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە پێدانی مووچە".
پارێزەرانی سوودانی گوتوویانە، پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 رێکخراوە.
یاساکە لە مادەی 12ـی بڕگەی دووەم و لقی (هـ)دا دەڵێت: وەزارەتی دارایی فیدراڵی مانگانە پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بڕگەکانی ئەو یاسایە، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕگەکانی (ا، ب، ج، د)ـی ئەو بڕگەیە جێبەجێ دەکات.
بڕگەکان بریتین لە هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لەو کێڵگانەی دەکەونە نێو هەرێمی کوردستان بۆ کۆگاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت- سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی بەشێوەیەک کە لە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە کەمتر نەبێت و داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی گەنجینەی دەوڵەت بکات بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بەوەوە پابەند نەبووە، بۆیە پارێزەرەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایانکردووە سکاڵاکە رەتبکرێتەوە.
یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە دوای چەند دانیشتنێکی دادگە هات. یەکێک لەو دانیشتنانە لە 11-2-2024 کرا و لە نووسراوەکەی دادگەکەدا لەبارەی ئەو دانیشتنە هاتووە، "پارێزەرەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 11-2-2024دا روونکردنەوەیەکیان پێشکێشی دادگەکە کرد کە تێیدا چەند خاڵێک هاتبوون."
نووسراوەکە دەڵێت، خاڵی یەکەمی روونکردنەوەی پارێزەرانی سوودانی ئەوە بوو کە "حکومەتی فیدراڵی تایبەتمەند نییە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ و دوور لە پشکی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بڕگەی سێیەم لە مادەی 121 لە دەستوور کە حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە تەرخانکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەکان بە گوێرەی رێژەی دانیشتووان".
پارێزەرەکانی سوودانی هەروەها گوتوویانە، حکومەتی فیدراڵی بە گوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025یش پابەند نییە کە راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، چونکە مادەی 13ی ساڵی 2023ی بودجە پشکەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەیەک دادەنێت و ئەویش لە چوارچێوەی بودجەی گشتی فیدراڵی یەکدەخرێت.
بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 11 لە یاساکە، پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجیی راستەقینە دەستنیشان دەکرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە دەدرێت؛ بۆیە پێدانی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە پشکی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوەردانی یاسادانان هەیە.
خاڵی دووەم کە پارێزەرەکانی سوودانی باسیان کردووە ئەوەیە کە "یاسای بودجەی فیدراڵی پرۆسەی تەرخانکردنی پشکە داراییەکانی بەو شێوەیە رێکخستووە کە پرسی شایستە داراییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی بکرێتەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان".
پارێزەرەکانی سوودانی هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، "هەروەها لە مادەی 12دا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پابەند دەبێت بە هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیای سۆمۆ لە بەندەری جەیهان بە شێوەیەک لە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە کەمتر نەبێت".
پارێزەرەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لەوەش کردووە، "لە بەندی (ب)، بڕگەی دووەم، مادەی 12دا هاتووە، لە ئەگەری نەتوانینی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی نەوت بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی؛ هەروەها لە بەندی (ج)، بڕگەی دووەم، مادەی 12 هاتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی ئەو نەوتەی رادەست کراوە".
لە نووسراوەکەی دادگەکەدا هاتووە، "پارێزەرەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەیان بە چەندین بڕگەی یاسای بودجەی فیدراڵی عیراق کردووە بۆ بەرگریکردن لە بۆچوونەکەیان، لەوانەش بەندی (هـ) لە بڕگەی دووەم لە مادەی 12 کە دەڵێت، 'وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەڵدەستێت بە پێدانی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی مانگانە دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕگەکانی (ا.ب.ج.د) لەو بەندە جێبەجێ دەکات'."
ئەو پارێزەرانە رایانگەیاندووە، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵییەوە؛ بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندکراوە بەگوێرەی دەقە یاساییەکان و بە تایبەتی بڕگەی یەکەم لە مادەی 13 لە یاسای بودجەی فیدراڵی شایستەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، لەنێویدا شایستەی فەرمانبەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ