رووداو دیجیتاڵ
بەغدا بەڵێنى داوە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو مووچەى مانگى 11 لەگەڵ 430 ملیار دینارى پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى سێ مانگ بنێرێت، بەڵام مووچەى مانگى کۆتایی ساڵ نزیکەى 270 ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت کە ئەگەر هەیە بە داهاتى ناوخۆ پڕبکرێتەوە.
بە گوێرەى بەدواداچوونى تۆڕى میدیایی رووداو، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی عێراق ئەو 430 ملیار دینارە دەنێرێت بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان، گواستنەوەى بۆ کردووە و بەهەمانشێوەش مووچەی مانگی 11 دەنێرێت، بەڵام دیار نییە کە 760 ملیار دینار یان کەمتر لەو بڕە دەبێت.
رۆژی 15ى کانوونى یەکەمى 2024، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی فیدراڵ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنى رێکارەکان بۆ ناردنى پارەى مووچەى مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ.
ئەو 430 ملیار دینارەى گواستراوەتەوە بۆ سەر مووچە تەنیا کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەم پڕدەکاتەوە، بۆ مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ 760 ملیار دینارى داناوە کە بینێرێت.
سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رووداوى گوت: "بۆ مووچەى مانگى کانوونى یەکەم نزیکەى 270 ملیار دینار کورتهێنان دەبێت، ئەگەر بەغدا پارەى ئەو کورتهێنانە نەنێرێت بە داهاتى ناوخۆ پڕدەکرێتەوە".
بەپێى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لە 10 رۆژدا تێبینییەکان لە بارەى لیستى مووچە چارەسەر بکرێن، ئەو 10 رۆژە لە 15ى کانوونى یەکەمە دەستیپێکردووە.
پێشتر هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە تێبینییەکانى سەر لیستى مووچە تاوەکو 20ى کانوونى یەکەم چارەسەر بکرێن، بەڵام لە سەردانى ئەم هەفتەیەى شاندەکەى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا دەرفەتى زیاتر دراوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە بەتایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە تۆمارى بایۆمەترى مووچەخۆران، کە پێشمەرجى ناردنى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمە.
رۆژی 16ى کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان هۆشداری دا کە ئەگەر هەر مووچە وەرگرێک "تاوەکو ئێستا" خۆى لە سیستمى بایۆمەترى تۆمار نەکردووە، مووچەکەى رادەگیرێت تاوەکو لە چەند رۆژى کۆتایی ئەم ساڵ کۆدى بایۆمەترى بۆ دەکرێت.
یەکێک لە داواکارییەکانى دیکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە هەرێمى کوردستان ناردنى داهاتى ناوخۆى مانگەکانى کۆتایی ئەم ساڵە.
ئەم ساڵ بە پێنج گوژمە وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان 399 ملیار و 268 ملیۆن و 970 هەزار دیناری وەک داهاتى نانەوتى رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کردووە، دوایین گوژمە کە نێردراوە داهاتى مانگى حوزەیران بووە.
هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەى شاندێکى فەرمانگەى ژمێریاریی وەزارەتى دارایی فیدراڵ سەردانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان بکات بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات لە ئامادەکردنی تەرازووى پێداچوونەوەى مانگانە کە تایبەتە بە وردەکاریى داهات و خەرجى هەرێمى کوردستان.
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، سەردانى ئەو شاندە بۆ چارەسەرى چەند تێبینییەکى تەکنیکییە کە بەغدا لەسەر راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوە هەیبووە، لەوانە جیاوازى ژمارەکان لە نێوان داهات و خەرجى.
یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە بە گوێرەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت یەکلایی بکەنەوە، هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانە بە گوێرەى یاساى خانەنشینى ساڵى 2019ى عێراق، لیژنەیەک لەهەردوولا پێکهاتووە بۆ ئەوەی بڕیارى کۆتایی لەسەر پێداچوونەوەکە بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ