رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، "بڕیارەکە لێدانە لە شەرعیەتی نێودەوڵەتیی نەوتی هەرێمی کوردستان." بەڕێوەبەرێکی پێشوو لە وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەڵێت: "دەبێت هەرێمی کوردستان گازیش لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت."
رۆژی دووشەممە 27.3.2023، دیبەیتێکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەک لە د. یەریڤان سەعید، مامۆستا لە زانکۆی کوردستان - هەولێر، د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن، حەمزە جەواهیری، شارەزای نەوت و وزە و حەیدەر بەتات، شارەزای نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەشدارییان کرد.
"بۆ بەغدا سەروەریی گرنگترە لە 400 هەزار بەرمیل نەوت"
د. یەریڤان سەعید، مامۆستا لە زانکۆی کوردستان - هەولێر دەڵێت: "بڕیارەکە لێدانێکی گەورەیە لە شەرعیەتی نێودەوڵەتیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رووی هەناردەوە، ئەگەر بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بەنایاسایی ناساندنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی دۆسیەکەی خستبێتە ژێر پرسیارەوە، ئەم بڕیارەی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس شەرعیەتی تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە."
د. یەریڤان سەعید دەشڵێت، بڕیارەکە "کاریگەریی زۆری لەسەر ئەو کۆمپانیایانە دەبێت کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە رووبەڕووی هەمان دۆخی تورکیا ببنەوە، بۆیە پێناچیت ئێستا بیانەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن." دەشڵێت، "ئەوەی بەغدا دەیکات بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە و دەبێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."
پێشتریش ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کشانەوە، بەگوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، هۆکارەکەی ئەوە بوو کە قەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان بەو رادەیە نییە کە باس دەکرا و ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا کار لەو کەرتە دەکەن لە هەرێمی کوردستان، "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بچووکن."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێیوایە، مانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان بەندە بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەگەر رێککەوتنێکی باش بکرێت کە مافی کۆمپانیاکان بپارێزێت، ئەگەرنا کۆمپانیاکان ئامادە نین پارەی دیکە لە وەبەرهێنانی کەرتی نەوتیی هەرێمی کوردستان خەرجبکەن.
دکتۆر یەریڤان سەعید دەشڵێت، "بۆ بەغدا بابەتی سەروەری زۆر گرنگترە لەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک هەناردەبکرێت." دەشڵێت: "20 ساڵە چەندین لایەن لە بەغدا چاوەڕوانی بێهێزبوونی هەرێمی کوردستانن."
"دەبێت هەرێمی کوردستان لە بەغدا نزیکبێتەوە"
د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن لەبارەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بڕیارەکەوە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەوت بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێنراوە و ئێستا کاتی ئەوەیە بۆ مەبەستی ئابووری بەکاربهێنرێت و بەهۆی پرسە سیاسییەکانەوە زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان نەکەوێت."
د. بیلال وەهاب گوتیشی، "دوورکەوتنەوەی هەرێمی کوردستان و حیزبەکان لە بەغدا زیانی بۆ هەرێمەکە هەبووە و دەبێت جارێکی دیکە لە بەغدا نزیک ببنەوە."
هەرێمی کوردستان، وەک لێکۆڵینڤانە دەڵێت، ئامرازی بەهێزی هێشتا زۆر بەدەستەوەیە؛ هەرێمی کوردستان سەقامگیرە، دووەم 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە کە نەوتی کەرکووک بەبێ نەوتی کوردستان ناڕوات و ساڵی رابردوو داهاتەکەی سەرووی دوو ملیار دۆلار بووە هەروەها کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی لە کوردستان هەن کە ئامادە نین پشت لە هەرێمی کوردستان بکەن.
د. بیلال وەهاب لەبارەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەش کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دەڵێت: "هەرێمی کوردستان کۆمپانیا نەوتییەکانی تۆراندووە و کۆمپانیاکان زۆر بێزارن، چونکە سەرەڕای ئەو هەموو گوشارە، هێشتا وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەستنیشاننەکراوە."
لێکۆڵینڤانەکەی پەیمانگەی واشنتن زیاتر گوتی: "پاشەکشەیەکی زۆر لە رووی دامەزراوەییەوە لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە رووی وزەوە پاشەکشەی کردووە." دەشڵێت: "پێشتر کەسانی دیار و شارەزا گفتوگۆیان لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ بەغدا دەکرد، بەڵام ئێستا سوودیان لێوەرناگیرێت."
د. بیلال وەهاب باس لەوەش دەکات، "ئەو سکاڵایەی عێراق لە دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 و بەڕای زۆرینەی چاودێران، عێراق لەو پرسەدا زاڵ بوو."
لەبارەی رۆڵی ئەمریکاش، د. بیلال وەهاب دەڵێت: "ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدایە عێراق لەسەر پێ بوەستێت و لە رووی وزەوە سەربەخۆ بێت، هەروەها نەوتی زیاتر هەناردەبکات."
لەبارەی پرسی گازیشەوە، لێکۆڵینڤانەکەی پەیمانگەی واشنتن دەڵێت: "ئەمریکا زۆر مەبەستیەتی وەبەرهێنان لە گازی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت، ئەويش لەبەر چەند هۆکارێک؛ کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگە (بەهۆی بەفیڕۆچوونی گازەوە)؛ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی ئێران و ناردنی گاز بۆ وڵاتانی جیهان بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی گازی رووسیاو دروستبووە."
هەر لەبارەی رۆڵی ئەمریکا، ئەو لێکۆڵینڤانە زیاتر دەڵێت، ساڵانێک ئەمریکا راستەوخۆ نێوەندگیریی لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکرد، بەڵام ئەو نێوەندگیرییە کەمبووەتەوە، چونکە هەریەکەیان دەیانەوێت لە بەرژەوەندیی خۆیان نێوەندگیریی بکات. دەشڵێت، کاتێک هەولێر و بەغدا گوێ لە ئامۆژگارییەکی واشنتن دەگرن "هەریەکەیان گوێ لەو بەشە دەگرن کە لە بەرژەوەندیی خۆیەتی."
"هەرێمی کوردستان زیانی پێ ناگات"
حەمزە جەواهیری، شارەزای نەوت و وزە لە بەغدا، یەکێکی دیکە بوو لە بەشدارانی دیبەیتەکەی رووداو و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا سەروەریی عێراقیان پێشێلکردبوو، کاتێک رێککەوتن لەسەر هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە."
بڕیارەکانی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی، وەک ئەو شارەزایە دەڵێت، "یەکلاییکەرەوەن"، ئەوەش پێگەی دادگەی باڵا و دادگەی دەستووریی عێراق بەهێز دەکات و جگە لە وەزارەتی نەوت و لە رێگەی سۆمۆوە، "هیچ لایەنێک بۆی نییە نەوت بفرۆشێت."
جەواهیری گوتیشی، "ئێستا دەتوانین بڵێین سەروەری عێراق سەرکەوت، هەرێمی کوردستانیش لەم بابەتە زیانمەند نابێت، پێموایە تەواوی گەلی عێراق سەرکەوتن بە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی نەوت بە تەواوی رادەستی بەغدا بکات، ئەوا شایستەکانی لە بودجە دەستبەردەکات کە بودجەیەکی زۆر گەورەیە و زیاتری پێدەدرێت لەوەی بەدەستی خۆی نەوتەکەی بفرۆشێت."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ژێرخانی عێراق ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی زیاتری نەوت. دەشڵێت، تورکیا دەتوانێت هەرکاتێک بیەوێت، نەوتی عێراقی دەستبکەوێت و هەرچەندە پێشتر ناکۆکی لە نێوان عێراق و تورکیا هەبووە، بەڵام تورکیا مافی بەسەر نەوتی عێراقەوە هەیە.
"دەبێت گازی کوردستانیش لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت"
حەیدەر بەتات، شارەزای بواری وزە کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی بووە لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لەوەدایە پابەندی بڕیارەکە بێت و ئەمە سوودی بۆ هەموو لایەک دەبێت و دڵنیایی دەداتە هەموو پێکهاتەکان." دەشڵێت: "هەمووان لەم بڕیارە سەرکەوتوون."
بەتات باس لەوە دەکات، ئەگەر نیازپاکییەکی راستەقینە هەبێت، ئاراستەی دۆخەکە باشتر دەبێت. گوتیشی، بابەتی وزە لە بازاڕی ئاسیا لەبەردەم گۆڕاندایە و هەنگاو هەیە بۆ کرانەوەی بازاڕەکانی ئەوروپا، ئەوەش سوودی بۆ گەلی عێراق بە هەموو چین و توێژەکانیەوە هەیە."
بەڕێوەبەرەکەی پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، پێویستە بڕیارەکانی دادگە لەوەی هەرێمی کوردستان نەتوانێت مامەڵە بە نەوتەکەی بکات، لەسەر بابەتەکانی دیکەش جێبەجێبکرێت و دەبێت "هەرێمی کوردستان گازیش لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ