رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک داوا لەو کەسانە دەکات کە ئارەزووی دامەزراندنیان هەیە و لە پێکهاتەکانی کوردی فەیلی، کریستیان، ئێزدی و شەبەکن، داواکاری پێشکەش بە کۆمپانیاکە بکەن.
کۆمپانیای نەوتی باکوور، یەکێک لە کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق داوا پێکهاتەکانی کوردی فەیلی، کریستیان، ئێزدی و شەبەک دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی جووڵەی فەرمانبەرانی دروستبووە، داواکاری بۆ دامەزراندن پێشکەش بکەن و داواکارییەکە لە ئۆفیسی سەرەکیی کۆمپانیا دەبێت لە گەڕەکی عەرەفە لە کەرکووک و داواکارییەکان لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە 26ی ئەیلوولی 2021ەوە وەردەگیرێت و 30ی ئەیلوول دوا رۆژی وەرگرتنی داواکارییەکان دەبێت.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ئەو کەسانەی کۆمپانیای نەوتی باکوور داوایان دەکات بۆ دامەزراندن زۆر نییە، بەڵام دەرفەتێکی باشە بەتایبەت بۆ ئەو ئەندازیار و دەرچووانەی لە بەشەکانی نەوت دەرچوون.
پێداویستییەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندن لە کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بریتین لە:
1-ئەو کەسەی ئارەزووی دامەزراندنی هەیە خۆی داواکارییەکە پێشکەش دەکات.
2- لەگەڵ داواکارییەکە ئەو پێداویستیانەی پێ بێت:
- کۆپییەک لە بەڵگەنامەکانی داواکار.
- کۆپییەک لە گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە، لەگەڵ کۆپی رەگەزنامە یان کارتی نیشتیمانی منداڵانیش، رەگەزنامەی منداڵانیش ئەگەر هەبوو.
- کۆپییەک لە بڕوانەمەی دەرچوون.
- پاڵپشتی کە داواکار لە پێکهاتە ئاماژەبۆکراوەکانە.
- پاڵپشتی لە دامەزراوەی شەهیدان، ئەگەر داواکار خاوەن شەهید بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ