شەفافیەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی 12 ملیار دیناری تێپەڕاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 12 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر زیاتر لە 490 ملیۆن دینار زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 09-11-2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی، 15-11-2024، 12 ملیار و 402 ملیۆن و 226 هەزار و 463 دینار بووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، بەراورد بە هەفتەی پێشوو، 493 ملیۆن دیناری زیادی کردووە، کە دەکاتە زیاتر لە 4٪.
 
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی سنوورەکە زیاتر لە 65 ملیار دینار بووە، ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 24 ملیار دینار بووە.
 
لە داتاکانی شەفافیەتدا هاتووە، داهاتی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
 
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە