رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرانی بانکەکانى رەشید، رافیدەین و تى بی ئاى لەگەڵ تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق کۆدەبنەوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنى پرسی بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەڕێوەبەرانى بانکەکانی رەشید، رافیدەین و تى بی ئاى بە فەرمى بۆ کۆبوونەوەکە ئاگادارکراونەتەوە، کۆبوونەوەوکەش لەبەر رۆشنایی فەرمانێکى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەبێت.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى پرسی بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە لەبەر رۆشنایی بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق."
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 21ـى شوباتى 2024 بڕیاری دا هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پەیوەست بکات بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت، بەجێکردنەکە لەڕێگەى بانکە حکومییەکانى عێراق و ئەو بانکانەوە دەبێت کە لەلاى بانکى ناوەندى مۆڵەتپێدراون.
بەڵام لە 3ی تەمموزی ئەمساڵ، دادگەی فیدراڵی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو بڕیارەی خۆی بڵاوکردەوە و لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت، هەموو ئەو بانکانەی لە نووسراوی ژمارە 6944/4/9 هاتوون دەتوانن بەجێکردنی مووچە بکەن کە ژمارەیان 66بانکە و ئەو بانکانەشی تێدایە کە لە پرۆژەی هەژماری مندان.
دوو سەرچاوە لەو سێ بانکە حکومییە بە رووداویان راگەیاند، کۆبوونەوەکە بەمنزیکانە دەکرێت، بەڵام رۆژەکەى دیاری نەکراوە.
هەر سێ بانکى رەشید، رافیدەین و تی بی ئای سەر بە حکومەتى فیدڕاڵن، بەڵام تەنیا تى بی ئاى گرێبەستى لەگەڵ پڕۆژەى هەژمارى من واژۆ کردووە بۆ ئەوەى ببێتە بەشێک لەو بانکانەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەکەن، بەو پێیەى لقى لە هەرێمى کوردستان هەیە.
بەرپرسى یەکێک لەو بانکانە بە رووداوى گوت: "لەو کۆبوونەوە تاوتوێى پرسی کردنەوەى لقى هەردوو بانکى رافیدەین و رەشید دەکرێت کە تاوەکو ئێستا نووسینگەیان لە هەرێمى کوردستان نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ