رووداو دیجیتاڵ
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بە 3019 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و ئاراستەی بەرەو دابەزینە. دوێنێ نرخی زێڕ توانی بەرزبێتەوە بۆ 3040 دۆلار.
بازرگانانی زێڕ چاویان لە کاریگەریی سەپاندنی پێناسە گومرکییەکانە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کە بڕیارە لە 2ـی مانگی داهاتووەوە بڕواتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ لە ئەمڕۆ چوارشەممەدا، بەڵام بەپێی ئابووریناسان، پێناسە گومرکییەکانی ئیدارەی ترەمپ دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان، ئەوەش بە بەردەوامی و لە درێژخایەندا پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ درووستکردووە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا رۆژی چوارشەممە بەڕیژەی 0.1٪ دابەزی و بە 3023 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئاماری زیاتر لەسەر ئابووریی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی 2دا کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوببنەوە.
لەبەر پێناسە گومرکییەکانی ترەمپ، متمانەی بەکاربەر لە ئەمریکا بەپێی نوێترین ئامارەکان، دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی شارەزایان پێشبینی بکەن ئابووریی ئەمریکا بەرەو قۆناخی سستبوونەوە دەڕوات لە دۆخێکدا کە نرخەکان بەرزن و هەڵاوسان بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ