وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: 11 ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستی بە‌غدا کردووە و یەک دینارمان وەرنەگرتووە

26-03-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەرێمی كوردستانی خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی تووندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە." باسی هەوڵەکانیش بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 26-03-2024 بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە "ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێكکەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە، پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە "پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە."
 
سەبارەت بە خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت کە لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقدا هاتووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت "ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوەـی) نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچووی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باسی "نیازپاکی"ـی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تائێستاشی لەگەڵدا بێت، یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە."
 
بەپێی وەزارەتەکە "نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە (10%)ـی نەوتی هەناردەكراوی عێراقی پێکدەهێنا و داهاتی ئەو نەوتە تەنیا بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی وڵات بوو، هەر لە دوای راگرتنی هەناردنی نەوتەوە، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە نێو قەیرانێكی دارایی تووندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواكەوتووە، لەکاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا."
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت "بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك، بەڕێزان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە. بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
 
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەک ساڵی تەواوە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، راگرتنی كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی 450000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان." دەشڵێت زیانەکان بە نزیکەی 11 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە