عێراق هاوردەکردنی هەنار، شووتی، کاڵەک و پرتەقاڵ قەدەخە دەکات

24-10-2020
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن هەنار عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، دوای قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەنار، لە چەند رۆژی داهاتوودا هاوردەکردنی شووتی و کاڵەک و پرتەقاڵیش قەدەخە دەکەن.
 
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24-10-2020 ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە 22ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا هاوردەکردنی هەنارمان لە دەرەوەی عێراق قەدەخەکرد، چونکە هەناری خۆماڵی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بووە، بە جۆرێک کیلۆی بە 500 دینار دەفرۆشرێ".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، گوتیشی: "وەزارەتی کشتوکاڵ تائێستا هاوردەکردنی 22 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخەکردووە. سبەی یەکشەممەش هاوردەکردنی شووتی و کاڵەک قەدەخە دەکەین و لە رۆژانی داهاتووشدا هاوردەکردنی پرتەقاڵ قەدەخە دەکەین، چونکە شووتی، کاڵەک و پرتەقاڵی خۆمان زۆرە. بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
 
حەمید نایف ئاشکراشیکرد، دیدێک هەیە لای حکومەت بۆ رەوانەکردنی هێزی دژە تیرۆر بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، چونکە تاوەکو ئێستا دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی کۆنترۆڵنەکراون، بۆیە بڕیارەکانی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی بەتەواوەتی جێبەجێناکرێن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش دا "بڕیارەکانی وەزارەت سەبارەت بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەر بەرهەمێک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکان و وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەردەکرێن".
 
لە لایەن خۆیەوە حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ساڵانە 25-30 هەزار تۆن هەناری خۆمان دەهێندرێتە عەلوەکان. هەناری زیاتر لە پێدوایستی ناوخۆمان هەیە و بەهۆی ئەوەوە نرخی دادەبەزێت و بەشێکی هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.