پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەم هەفتەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

24-04-2023
پەیمان محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی مانگێکە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو پێنجشەممە هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جیدییە." 
 
رۆژی دووشەممە 24-04-2023، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نمە نەبەز و سورەیا هەساری پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ''بە بڕوای من تاوەکو پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.''
 
لە رۆژی چواری نیسانەوە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتیان واژۆ کردووە، بەڵام هێشتا هەناردنەکە دەستیپێنەکردووەتەوە.
 
سیپان شێروانی دەڵێت، هەناردەکردنەوە کاتی پێویستە ''چونکە هەندێک بابەتی تەکنیکی، دارایی و یاسایی هەیە و کارێکی ئاسان نییە لە شەو و رۆژێکدا هەمووی چارەسەر بکرێن.''
 
رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا بڕیاری دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی ‌هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات دوای بڕیارەکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی گرفتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان جیدییە و تائێستاش هەوڵەکان بەردەوامن.
 
پێشتر نەوتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆوە دەفرۆشرێت. سیپان شێروانی دەڵێت، میکانیزمی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و هەندێک بابەتی یاساییش لەسەر سکاڵاکەی عێراق دژی تورکیا لە نێوان ئەم دوو وڵاتە هەیە.
 
بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە و سیپان شێروانی "گەشبینە" بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەندامەکە لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، بابەتی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەندی بە گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر بڕیارەکانی دادگەی پاریس هەیە.
 
دادگەکەی پاریس یەکلاییکردەوە کە تورکیا لە ساڵی 2014 بۆ 2018 بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بێ مۆڵەتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ی پێشێلکردووە، بۆیە بڕیاری دا سکاڵالێکراو 1.47 ملیار دۆلار قەرەبوو بە سکاڵاکار بدات.
 
سیپان شێروانی دەڵێت، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەنیا پێدانی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن تورکیاوە نییە، بەڵکو ''بەپێچەوانەشەوە هەندێک دۆسیە هەیە کە تورکیا تێیدا زیانمەند بووە و عێراقیش دەبێ قەرەبووی ئەوان بکاتەوە و ئەو بابەتە هەندێک کاتی زیاتری پێویستە.''
 
پەرلەمانتارەکە بڕی زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بە "زیاتر لە یەک ملیار دۆلار" دەخەمڵێنێت و دەشڵێت، لەم بابەتەدا هەموو لایەنەکان لێی زیانمەند دەبن.
 
بەگوتەی سیپان شێروانی، زیانمەندی سەرەکیی راگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان نییە و ''رێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە و لەسەر بودجە رێککەتوون، ئەگەر مانگی پێنج پڕۆژەیاسای بودجە پەسند بکرێت، نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشرێت یان نا، هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی وەردەگرێت و لەو بابەتەدا داهاتی گشتیی عێراق کەمبووەتەوە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە