رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی سۆران، ماوەیەکی زۆر مامەڵە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئاژەڵێکی بەو پارەیە دەستبکەوێت کە بۆ قوربانیکردن دایناوە، لەکاتێکدا پار دەیتوانی هەر بەو بڕە پارەیە دوو سەرئاژەڵ بکڕێت.
دڵشاد سادق، کڕیارە لە بازاڕی ئاژەڵانی سۆران، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "پارساڵ (ئاژەڵی قوربانی) بە 800 بۆ 900 هەزار دینار بوو، ئەگەر زۆر زۆربووایە بە ملیۆنێک دینار بوو، بەڵام ئێستا بە ملیۆنێک و 400 هەزار دینار کڕیم".
تیمی رووداو چوونەتە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە سۆران و بەدواداچوونیان کردووە، دەردەکەوێت گرانیی نرخی ئاژەڵ، وایکردووە لەو رۆژانەی پێش جەژنی قوربان، مەیدانەکە کەم سەودای کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی تێدا بکرێت.
هاوردەکردنی ئاژەڵ لە هەرسێ وڵاتی: تورکیا، ئێران و سووریا بۆ باشووری کوردستان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە ریگەی پێ نادرێت و، ژمارەیەکی کەمیش ئاژەڵ بەڕێگەی قاچاخەوە دەهێنرێنە کوردستان، ئەم رێگریکردنە لە هاوردەکردنی ئاژەڵ، نرخی ئاژەڵی لە باشووری کوردستان بەڕێژەی نزیکەی 50٪ بەرزکردووەتەوە.
عەلی عەبدوڵڵا، مامەڵەکاری ئاژەڵ لە سۆران دەڵێ "نرخی جوانەگا 400 بۆ 500 هەزاری چووەتەسەر، مانگاش هەروا ئەویش 400 بۆ 500 هەزاری چووەتەسەر و کەمتری نەچووەتە سەر".
مامەڵەکارێکی دیکە بەناوی رەشید محەممەد باسی ئەوە دەکات خەڵک هەبووە 50 بۆ 100 مانگای هەبووە، بەڵام ئێستا 25 مانگای ماوە و هەمووی بە هەرزان فرۆشتووە، دەڵێ "مانگات دەکڕی بە بێچووەوە و ئاوسیش بوو بە 800 هەزار دینار، بەڵام نەیانهێشتن و هەموویان کوشتنەوە".
زاهیر دیڵزی فرۆشیارێکی دیکەی بازاڕەکە، زیاتر لە هاوکارەکانی بە رەشبینییەوە سەیری دۆخەکە دەکات و دەڵێ "ئەو مەڕوماڵاتە هەمووی رۆیشت بۆ دەرەوە و هەمووی کوێربووەوە. ژیانی کوردستان لەسەر مەڕوماڵاتە؛ یەکەم مووچە، دووەم مەڕوماڵات".
بەگوێرەی ئامارەکانی ڤیتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە سنووری سۆران و دەوروبەری، ساڵی رابردوو نزیکەی 30 بۆ 40 هەزار ئاژەڵ لە سنوورەکە بەخێودەکران، ئەو ژمارەیەش بەپێی هەڵکشانی نرخ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هاوردە و هەناردەکردنیان، بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ