رووداو دیجیتاڵ
خاوەن کارگە و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێن "كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پووكانەوە دەچێت"، ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 45٪ـی کارگە گەورەکان و 350 کارگەی بچووک لە هەولێر داخراون.
رۆژی یەکشەممە 19-02-2023 بەرنامەی رەنج بە میوانداریی د. خۆشەوی خاڵ، سەرپەرشتیاری گرووپی خاوەن كارگەكان لە هەرێمی كوردستان، سەركەوت حاجی جەمال، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، سەباح كەریم، خاوەن كارگە لە سلێمانی، نەوشیروان كانەبی، نوێنەری كارگەیەک لە هەولێر و ئارام بابان، جێگری سەرۆكی رێكخراوی خاوەن كارگەكانی كوردستان، تاوتوێی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی کرد.
"45٪ـی کارگە گەورەکانی هەولێر داخراون"
سەركەوت حاجی جەمال، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند: "سێ هەزار و 668 کارگە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون، کە دوو هەزار و هەشت کارگەیان پرۆژەی بچووکن و، لەو ژمارەیە 350 کارگەیان داخراون؛ هاوکات هەزار و 660 کارگەی گەورە هەن کە 45٪ـیان داخراون. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ژمارەی کارگە داخراوەکان بۆ ساڵی داهاتوو زۆر زیاتر دەبێت".
لەبارەی چارەسەری کێشەی خاوەن کارگەکان، سەرکەوت حاجی جەمال گوتی: "وەک ژووری بازرگانی، ئەرکمان ئەوەیە کەموکوڕییەکان لە کەرتی پیشەسازی بە داتا بکەین و بیدەینە لایەنی پەیوەندیدار، تێیدا رێگەچارەش پێشنیاز دەکەین، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار بە قسەمان ناکەن".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، "یەکێک لە هۆکارەکانی داخستنی ئەو ژمارە زۆرەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان، کۆنبوونی ئامێری کارگەکانە و پێویستە بانکی پیشەسازی بۆ نوێکردنەوەی ئامێرەکانیان قەرزیان پێبدات".
"40٪ـی کارگەکان بەهۆی بەرزیی نرخی کارەبا دایانخستووە"
ئارام بابان، جێگری سەرۆكی رێكخراوی خاوەن كارگەكانی كوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی "فۆڕمێکمان هەیە بە هەموو ئەو کارگانەی پڕدەکەینەوە کە دایدەخەن و تێیدا هۆکارەکانی دەنووسن. زۆربەی هۆکارەکان بریتین لە گرانی کارەبا، رۆتیناتی کارگێڕی، نەبوونی پاڵپشتی و گوشاری لیژنە تایبەتەکان".
ئارام بابان رایگەیاند: "بەپێی ئامارەکانی ئێمە، 40٪ـی خاوەن کارگە داخراوەکان، بەهۆی گرانیی نرخی کارەبا کارگەکانیان داخستووە".
جێگری سەرۆكی رێكخراوی خاوەن كارگەكانی كوردستان پێیوایە "تەنیا کەسێک بڕیاری بەدەستبێت مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر ئەو گوێمان لێ بگرێت و کێشەکانمان بۆ چارەسەر نەکات، ئیدی دەبێ دەست لە کارەکانمان بشۆین، یان وڵات بەجێبهێڵین یان لە ماڵەوە دابنیشین".
"خاوەن کارەکان کارگەکانیان دەبەنە دەرەوە"
ئارام بابان دەڵێت: "لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا نزیکەی پەنجا خاوەن کارگە کە لە ئێمەوە نزیکبوون، هەر کامەیان بە سەرمایەی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و لە دەرەوە سەرمایەکانی خستووەتەکار".
هاوکات نەوشیروان كانەبی، نوێنەری كارگەیەک لە هەولێر گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار سەرمایە لە هەولێر چووەتە دەرەوە و سەرمایەداران لە وڵاتانی دیکە کارگەیان کردووەتەوە و وەبەرهێنانیان کردووە. خۆم سێ کارگەم هەیە و ئێستا دووانیانم داخستووە و یەک دانەش کە کراوەیە 25٪ـی کاردەکات".
سەباح كەریم، خاوەن كارگە لە سلێمانی، پێیوایە دۆخی عێراق بۆ کەرتی پیشەسازی لەبارترە لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان کەشێکی لەبار دروستنەکراوە بۆ ئەوەی بتوانی کارگە دابمەزرێنیت؛ ئەو کەشە لە عێراق لەبارترە".
ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی
د. خۆشەوی خاڵ، سەرپەرشتیاری گرووپی خاوەن كارگەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە کۆمەڵێک ئاستەنگ کرد کە بوونەتە هۆی لاوازیی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "بەشێکی زۆری کارگەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن بەرهەمەکانیان رەوانەی بەغدا بکەن، لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراق دان بە کارگەکانیان دانانێت و دەڵێ دەبێ بێیت و لە بەغدا ناوت تۆمار بکەی. لە بەغداش ناوت تۆمارکرد، دەبێ لە هەرێمی کوردستان کارگەکەت هەڵبووەشێتەوە".
د. خۆشەوی خاڵ دەڵێت: "دوو جۆر ئاستەنگی دەرەکی و نێوخۆیی هەن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازی و کاری کارگەکان. ئەگەر لایەنە دەرەکییەکە وازلێبهێنین، پێویستە حکومەت دیدگەیەکی فراوانی بۆ بووژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی هەبێت و زانکۆکان کارمەند بۆ ئەم کەرتە پەروەردە بکەن، کە ئەو پلانە ستراتیژییە تەنیا دەبێت لای سەرۆکی حکومەت بێت".
د. خۆشەوی خاڵ ئاماژەی بە گرنگیدانی حکومەت بە کەرتی پیشەسازی دا و گوتی: "کاتێک بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتمان بینی، وەکو خاوەن کارگەکان دڵخۆش بووین، لەبەر ئەوەی لەڕووی تیۆرییەوە خاڵی زۆر باشی تێدابوو".
سەرپەرشتیاری گرووپی خاوەن کارگەکانی کوردستان دووپاتیکردەوە: "داوا دەکەین سەرۆکی حکومەت تەنیا سەردانی کارگە گەورەکان نەکات لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان کەمە، بەڵکو سەردانی کارگە مامناوەند و بچووکەکانیش بکات و لە نزیکەوە لە کێشەکانیان بکۆڵێتەوە، لەبەرئەوەی پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی لەدەستی سەرۆکی حکومەتە".
"تا دێت کێشەکان زیاتر و کارگەکان لاوازتر دەبن"
نەوشیروان كانەبی، نوێنەری كارگەیەک لە هەولێر گوتی: "بەهۆی داخستنی کارگەکانم زیاتر لە 100 کەس بێکار بوون. رۆژ لەدوای رۆژ کرێکاری دیکە لەکار دەردەکەین، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک کێشە هەن، وادەکەن کارگەکانمان بەردەوام نەبن".
نەوشیروان کانەبی ئاماژەیدا: "چەندین ساڵە کێشەکانمان زیاتردەبن و کارگەکانمان لاوازتر دەبن و بەرەو لەناوچوون دەڕۆن. هانا بۆ هەر لایەنێکیش دەبەین گوێمان لێدەگرن، بەڵام ئەوەی بۆمان دەکەن چارەسەری کێشەکانمان ناکات. ئەو رۆتینەی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ئێمە دەکرێت، لە هیچ شوێنێک ناکرێت و دەیان جار سەردانی وەزیرمان کردووە، بەڵام هیچمان بۆ ناکات".
نوێنەری کارگەکە لە هەولێر پێیوایە سێ کێشەی سەرەکی هەن ئەگەر چارەسەریان بکەن دەتوانرێت کارگەکان ببوژێنرێنەوە، وەکو ئاماژەشیان پێدەدات: "کێشەی یەکەم گرانی کرێی کارەبا و دووەمیان نەهێشتنی رۆتینات و سێیەمیشیان پاڵپشتییە لە بەرهەمی ناوخۆیی. ئێستا ئەو مادە خامەی ئێمە بۆ کارگەکانمان هاوردەی دەکەین، گومرگی لە بەرهەمە ئامادەکراوەکە زیاترە، کە بە دروستکراوی هاوردە دەکرێت".
خۆشەویستی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی
هەڵات رەئووف، خاوەنی کۆمپانیای هەڵات گرووپ، نەبوونی خۆشەویستی خەڵک بۆ بەرهەمی نێوخۆیی بە هۆکارێکی دیکەی سەرنەکەوتنی کەرتی پیشەسازی دەزانێت و دەڵێت: "گرفتێکی کەرتی پیشەسازی، نەبوونی خۆشەویستییە بۆ بەرهەمی نیشتمانی. هاووڵاتییانی ئێمە تا چەند بەرهەمی نیشتمانی خۆیان خۆشدەوێت، دەبێ میدیا لە دروستکردنی ئەم خۆشەویستییەدا رۆڵی هەبێت".
هاوکات سەباح کەریم دەڵێت: "بەرهەمەکانی کارگەکەی من لە بەسرە بەهێزترن بەراورد بە سلێمانی، لەبەر ئەوەی لەوێ خۆشەویستی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی هەیە. ئێستا لە عێراق بەرهەمێک کە ناوی هەرێمی کوردستانی لەسەربێت، بەهێزترە لە بەرهەمی هاوردەکراو".
هەڵات رەئووف پێیوایە کۆمەڵێک بەرهەم هەن کە بوون و نەبوونیان لە وڵاتێکدا هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت و دەشڵێت: "زیادکردنی گومرگ لەسەر ئەم بەرهەمانە هەرچەندێکیش بێت، کێشەی ئەوتۆ دروست ناکات، بەڵام لە یاسای گومرگی عێراقیدا، گومرگ خراوەتە سەر ئەو بەرهەمانەی کە پێداویستی سەرەکی خەڵکن و ئەم بابەتانەی دیکەی کە ئاماژەمان پێدان گومرگێکی ئەوتۆیان لەسەر نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ