وەبەرهێنەرانی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج: 28 سەرمایەداری گەورەی کوردستان چوونەتە دەرەوە

25-09-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن لەگەڵ رەنج وەبەرهێنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایدەگەیێنێت، "پێش ساڵی 2014 تەنیا سلێمانی 30٪ـی هەموو پیشەسازیی عێراقی پێکدەهێنا، بەڵام ئێستا هەموو هەرێمی کوردستان 15٪ـی وەبەرهێنانی عێراق پێکناهێنێت"، لەبارەی کشانەوەی وەبەرهێنەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان و بردنە دەرەوەی سەرمایە و پرۆژەکانیان دەڵێت، "28 سەرمایەداری گەورەی کوردستان کە دەتوانن ئیدارەی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەن، هەموویان چوونەتە دەرەوە".
 
رۆژی یەکشەممە 24ـی ئەیلوولی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی یاسین مەحموود، گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان‏، ‏هەڵۆ سەڵاح چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی ‏لێتوێژینەوە و زانیاری لە ‏دەستەی ‏وەبەرهێنان، ‏‏عەلی ئیبراهیم، شارەزای وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی و ئەرشەد تەها، راوێژکاری باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، ‏ئاراستەی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد.
 
"وەبەرهێنەران سەرمایەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەخەنە کار"
 
یاسین مەحموود، گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان‏ دەڵێت "لەدوای ساڵی 2014 و دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، قەبارەی وەبەرهێنانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە عێراق گەیشتووەتە سەرووی 28 ملیار دۆلار، کە لەو ژمارەیەش 15 بۆ 18 ملیار دۆلاری لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتووە."
 
یاسین مەحموود باسی ئەوە دەکات "سەرباری ئەو گەمارۆ ئابوورییە قورسەی لەسەر ئێرانە، وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سنە گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێدەکەن. وەبەرهێنەرانی ئێمە لە جۆرجیا، تورکیا و ئوردن وەبەرهێنانی گەورە دەکەن، واتا گرفتەکە هەر ئەو وەبەرهێنەرانە نین، کە چوونەتە پارێزگاکانی عێراق و کاری وەبەرهێنان دەکەن."
 
گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەشڵێت "ئێستا وەبەرهێنەرانی ئێمە لە پردێ، تەنیا بە مەودای یەک کیلۆمەتر لە ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، لەبەرئەوەی عێراق کۆمەڵێک ئیمتیازی گەورەی پێداون، بەڵام ئەگەر هەر ئەم پڕۆژەیە لە ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا بکات، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2006ـی وەبەرهێنان کە بەسەریدا جێبەجێدەکرێت، پڕۆژەکە ئەو کاریگەرییەی نابێت."
 
"پاشەکشێکردنی هەرێمی کوردستان لە وەبەرهێنان و پیشەسازی"
 
یاسین مەحموود باسی ئەو پرۆژە سەرکەوتووانە دەکات کە لە عێراق بەدەستی وەبەرهێنەرانی کورد جێبەجێدەکرێن و دەڵێت "ئەو پرۆژانەی ئێستا لە عێراقدا سەرکەوتوون و بە پرۆژە زۆر باشەکان هەژمار دەکرێن، یان کورد جێبەجێی کردوون، یان کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرێکی عێراقی جێبەجێی کردووە."
 
بە گوتەی مەلا یاسین "راوێژکارە تایبەتەکانی محەممەد شیاع سوودانی، (سەرۆکوەزیرانی عێراق) بە نهێنی دێن لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەبەرهێنەرە سەرکەوتووەکان دەکەن و رایاندەکێشن بۆ شارەکانی عێراق."
 
ساڵی 2014 بە تەنیا سلێمانی 30٪ـی پیشەسازی هەموو عێراقی پێکدەهێنا، بەڵام وەکو گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی پێدەدات "ئێستا بە هەموو هەرێمی کوردستان 15٪ـی پیشەسازی عێراق پێکدەهێنن"، دەشڵێت "لە عێراق پیلان بۆ رووخاندنی پیشەسازی و وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت و، جاران بەشێکی زۆری سکراب بۆ کارگەی شیشی هەرێمی کوردستان دەهات، رێگەیان لە هاتنی ئەو سکرابە گرت بۆ ئەوەی کارگەکانمان دابخرێن و ئێستا خۆیان کارگەی شیشیان کردووەتەوە."
 
یاسین مەحموود نەبوونی پاڵپشتی و هاندانی پێویست لە هەرێمی کوردستان بە هۆکارێکی پاشەکشێکردنی وەبەرهێنان دەزانێت و دووپاتیدەکاتەوە "لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، تەنانەت لە وڵاتی ئێرانیش بەو گەمارۆ قورسە ئابوورییەی لەسەریەتی، هاندان و ئاسانکاری باشتر بۆ وەبەرهێنەرانمان دەکرێت بەراورد بە هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنەر هەیە زیاد لە 10 ساڵە 25 ملیار دۆلاری لە پڕۆژەدا خەرجکردووە، ئەگەر لە وڵاتێکی وەکو تورکیا بووایە، بە پێنج ساڵ هەموو پارەکەی وەردەگرتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان پارەکەی وەرنەگرتووەتەوە."
 
گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەبارەی ئەو وەبەرهێنەرە کوردانەی هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە گوتی "ئێستا 28 سەرمایەداری گەورەی کوردستان کە دەتوانن ئیدارەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەن، هەموویان چوونەتە دەرەوە."
 
"تا ساڵی 2025 قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 80 ملیار دۆلار"
 
‏هەڵۆ سەڵاح چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی ‏لێتوێژینەوە و زانیاری لە ‏دەستەی ‏وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەپێی پلانەکانی دەستەی وەبەرهێنان، سەرمایەی وەگەڕخراو لە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2025 دەگاتە 80 ملیار دۆلار، کە ئێستا 67 ملیار دۆلارە."
 
هەڵۆ سەڵاح دەشڵێت "پلانەکانی دەستەی وەبەرهێنان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی، پلاندانان، دارایی و ئابووری، پەروەردە، پیشەسازی و بازرگانی دادەڕێژرێن، بۆ هاندانی زیاتری بازرگان و وەبەرهێنەران پێشنیازی کەمکردنەوەی رێژەی باجمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ‏لێتوێژینەوە و زانیاری لە ‏دەستەی ‏وەبەرهێنان پێیوایە "کێشەی سەرەکی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان یاساکەیەتی کە بۆ سەردەمی خۆی لە ساڵی 2006 نووسراوەتەوە زۆر گونجاو بووە، بەڵام ئێستا پێویستی بە هەموارکردنەوەیەکی ریشەیی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمڕۆی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بگونجێت."
 
پاشەکشێکردنی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان
 
لەبارەی هۆکاری پاشەکشێکردن و چوونەدەرەوەی وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان ئاخۆ بەهۆی وەرگرتنی سەرانەیە یاخود رێگریکردنی حیزبی لە کاری وەبەرهێنەران، بەڕێوەبەری گشتیی ‏لێتوێژینەوە و زانیاری لە ‏دەستەی ‏وەبەرهێنان دەڵێت، "لەبەرئەوەی من لە پۆستێکی حکومیدام، ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە... ئەو پرسیارە با ئاراستەی گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان بکرێت."
 
یاسین مەحموود، گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەبارەی هۆکارەکانی پاشەکشێکردنی وەبەرهێنان و چوونەدەرەوەی وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان گوتی؛ "هۆکاری پەککەوتنی هەندێک لە پرۆژەکانمان بەهۆی ئەو داواکارییانەیە لە وەبەرهێنەرەکان دەکرێت، ئەو داواکارییە بە ناوی سەرانە ناکرێت، بەڵام کۆمپانیایەک دەهێنن و بەبێ سەرمایە دەیکەن بە هاوبەش لەگەڵی."
 
"هەشت کارگەی شیش و چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان لەکارکەوتوون"
 
‏‏عەلی ئیبراهیم، شارەزای وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی دەڵێت "11 کارگەی شیش لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو کە 11 کارگەی شیش لە عێراق کراونەتەوە، چوار لەو کارگانەی هەرێمی کوردستان داخراون".
 
بەگوتەی عەلی ئیبراهیم "10 ساڵ لەمەوبەر، حەوت کارگەی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان هەبوون، کە پێداویستیی هەموو عێراقیان دابین دەکرد، ئێستا چوار لەو کارگانە لەکارکردن وەستاون، بەڵام 16 کارگەی چیمەنتۆ لە عێراق کراونەتەوە کە پێنج لەو کارگانە وەبەرهێنەرەکانیان کوردن".
 
وەکو عەلی ئیبراهیم ئاماژەی پێدەدات؛ "سێ هەزار و 500 کارگە لە وەزارەتی پیشەسازی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە کە ئێستا 55٪ـیان لەکارکەوتوون" و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرمایەداران وەسف دەکات.
 
ئەو شارەزایەی بواری وەبەرهێنانی پیشەسازی دەڵێت؛ "نرخی یەکەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 120 دینارە، بەڵام لە عێراق 60 دینار وەردەگیرێت، هەرچەند حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەفتەی رابردوو نرخەکەی دابەزاندەوە بۆ 90 دینار"، دەشڵێت؛ "خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان نەوتی رەش بە 300 دینار دەکڕن، بەڵام لە بەغدا نرخەکەی 60 دینارە، سەرباری ئەوەش لە بەغدا بانک چەندت قەرز پێویستبێت پێتیدەدات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو قەرزە نییە، واتا ئەو پاڵپشتییەی حکومەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە خاوەن کارگەکانی دەکات، لە هەرێمی کوردستان بەو قەبارەیە لە ئێمە ناکرێت."
 
"لە هەرێمی کوردستان پلانی درێژخایەن بۆ کەرتی وەبەرهێنان نییە"
 
راوێژکاری باڵا لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە نەبوونی پلانی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان مەترسی پاشەکشێکردنی سیستمی ئابوورییە و چوونە دەرەوەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بە مەترسیدارتر دەزانێت لە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
 
ئەرشەد تەها، راوێژکاری باڵا لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت؛ "نەناردنی بوودجە لە عێراقەوە هێندەی چوونەدەرەوەی سەرمایەداران لە هەرێمی کوردستان مەترسی نییە، بەڵام ئەو 28 ملیار دۆلارەی وەبەرهێنەرانی کورد کە لە عێراق وەبەرهێنانیان پێکردووە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و دەرفەت نەدرێت بۆ بەگەڕخستنی، هیچ بەهایەکی نابێت، واتا ئەگەر پارە نەخرێتە وەبەرهێنان، بەهایەکی ئەوتۆی نابێت."
 
ئەو راوێژکارەی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "راستە عێراق پیلانی هەیە بۆ داڕووخاندنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بەڵام بەتەنیا ئەوە ناتوانێ کاریگەری لەسەر دابنێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان پلانی تۆکمەی ئابووریی هەبێت، عێراق ئەو هێزە نییە بتوانێت ئابوورییەکەی داتەپێنێت، بەڵام ئێمە خۆمان پلانمان نییە."
 
بەگوتەی ئەرشەد تەها؛ "ئێستا هەرێمی کوردستان نەوتی هەیە و ناتوانێ هەناردەی بکات، لەگەڵ ئەوە وەبەرهێنمان هەیە سەرمایەی بەدەستەوەیە، پێویستە هانی ئەو وەبەرهێنەرە بدرێت بۆ ئەوەی پیشەسازی پیترۆکیمیایی دروستبکات، مادەی پیترۆکیمیایی هەیە کە بەهاکەی هەزار هێندە لە بەهای نەوتەکە زیاترە."
 
وەکو ئەرشەد تەها ئاماژەی پێدەدات "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 250 هەزار گەنج زانکۆیان تەواوکردووە و چاوەڕێی دەرفەتی کارکردنن، سامانی سرووشتی و یاسای وەبەرهێنانمان هەیە، بەڵام بەهۆی بێ پلانییەوە نەتوانراوە ئەو گەنجانە لەو بوارەدا بخرێنە سەرکار، واتا ئێمە سامانی سرووشتی، سەرمایە و هێزی مرۆییمان هەیە، بەڵام نەمانخستوونەتەگەڕ."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.