ئابووری
سەربازێکی رووسی لە کێڵگەیەک لەکاتی دوورینەوەی گەنمدا لە 14ـی تەممووزی 2022 لە ئۆکراینا، وێنە: Sergei Ilnitsky / EPA via Shutterstock
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17-5-2023) رایگەیاند، "بە هەوڵی وڵاتەکەمان، پشتیوانیی دۆستە رووسەکانمان و بەشداریی دۆستە ئۆکرایینییەکانمان، بڕیاردرا رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە بۆ دوو مانگی دیکە درێژبکرێتەوە".
ئەردۆغان دەڵێت، رووسیا رازی بووە رێگە لە بەڕێکەوتنی کەشتییەکان لە دوو بەندەری ئۆکراینی نەگرێت و هیواش دەخوازێت رێککەوتنەکە "لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت".
سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی هەریەک لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤلادیمیر پوتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی هاوتا رووسی و ئۆکراینییەکەی دەکات بۆ رۆڵیان لە رێککەوتنەکەدا.
لەدوای درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە، کیێڤ سوپاسی هەریەک لە تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، بۆ ئەو رۆڵەی لە رێککەوتنەکە و درێژکردنەوەی بینیویانە.
لە بەرامبەردا سەرەڕای درێژکردنەوەکە، رووسیا رەخنەی لە نایەکسانی بەندەکانی رێککەوتنەکە گرت.
رووسیا بەردەوام گلەیی ئەوە دەکات بەپێی رێککەوتنەکە، بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی خۆراک و پەیینی کیمیایی ئەو وڵاتە هەڵنەگیراون.
بەر لە دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا لە کۆتاییەکانی شوباتی ساڵی رابردوو، ئۆکراینا یەکێک بوو لە گەورەترین هەناردەکارانی دانەوێڵە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام دوای هێرشی رووسیا، رێگە لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئۆکراینا گیرا، ئەوەش نرخی خۆراکی لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزکردەوە و زیانی زۆری بە وڵاتانی کەمداهات گەیاند.
لە 22ـی تەمموزی ساڵی 2022، بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا، رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا واژۆکرا و رێککەوتنەکە بەر لە رۆژێک لە بەسەرچوونی درێژکرایەوە، کە 18ـی ئەم مانگە دوا وادەی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ