لە 10 تریلیۆن دیناری قەرزی وەبەرهێنان، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 62 ملیارە

17-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆی نزیکەی 10 تریلیۆن دینار کە عێراق بۆ وەبەرهێنان بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 لە دەرەوە قەرزیان دەکات، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 62 ملیار دینارە، واتە رێژەی 0.6٪، لە کاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی حاکیمە 12.6٪ دەبێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە تێبینیمان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزەکان هەیە و هەوڵدەدەین زیادی بکەین."
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، لە قەرزەکان و بەدیاریکراوی ئەو قەرزانەی بۆ وەبەرهێنان دەکرێن، پشکی هەرێمی کوردستان زۆر کەمترە لەو رێژەیەی لە خەرجیی حاکیمە دەیدات کە رێژەی 12.6٪یە لە کۆی نۆ تریلیۆن و 946 ملیار و 755 ملیۆن دینار کە عێراق لە ساڵی 2023 بۆ وەبەرهێنان قەرزی دەکات. پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 62 ملیار دینار دەبێت، ئەوەش دەکاتە 0.6٪ی ئەو پارەیە. ئەمەش لەو قەرزە کەمترە لەو ساڵەدا بۆ پارێزگایەکی وەکو بابل خەرج دەکرێت کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.
 
قەرزەکانی وەبەرهێنان کە لە ساڵی 2023 عێراق دەیان کات، بەمشێوەیە دابەشی کردوون:
 
- پلاندانان: سێ تریلیۆن و 267 ملیار دینار، 33٪ـی کۆی قەرزەکەیە 
- کارەبا: 1 تریلیۆن و 838 ملیار دینار، 19٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- نەوت: 1 تریلیۆن و 827 ملیار دینار، 19٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: 855 ملیار دینار، 9٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران: 650 ملیار دینار، 7٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- کشتوکاڵ: 410 ملیار دینار، 4٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- گواستنەوە: 183 ملیار دینار، 2٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- تەندروستی: 144 ملیار دینار، 1.5٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- بەرگری: 130 ملیار دینار، 1٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- پارێزگای بابل: 130 ملیار دینار، 1٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- حکومەتی هەرێمی کوردستان: 66 ملیار دینار، 0.6٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: 55 ملیار دینار، 0.6٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی: 52 ملیار دینار، 0.5٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- ئەمیندارێتیی بەغدا: 52 ملیار دینار، 0.5٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- وەزارەتی ناوخۆ: 39 ملیار دینار، 0.4٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- وەزارەتی پەروەردە: 26 ملیار دینار، 0.4٪ـی کۆی قەرزەکەیە
- لایەنی دیکە: 80 ملیار دینار، 0.8٪ـی کۆی قەرزەکەیە
 
خەرجیی حاکیمە بۆ ساڵی 2023 زیاترە لە 9 تریلیۆن و 918 ملیار دینار، لەو بڕە 1 تریلیۆن و زیاتر لە 256 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
 
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان رەشنووسی بودجەمان لەلا پەسندە، زۆر خاڵ هەیە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان جێی کراوەتەوە، بەڵام لە قەرزەکاندا ئێمە تێبینیمان هەیە و قسەی خۆمان دەکەین، چونکە ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کەمە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە خەرجیی حاکیمە بەپێی پشکی خۆی بەشدارە و پارەی لێ دەڕوات."
 
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 کرد کە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراق و قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە