بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی: لە رۆژێکدا 8.5 هەزار خانەنشینی شارستانی بەئەلیکترۆنی مووچەیان وەرگرت

17-04-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن مووچەی خانەنشینان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی دەڵێت هەشت هەزار و 500 خانەنشین بەئەلیکترۆنی مووچەیان وەرگرتووە و بۆ مانگی داهاتووش خانەنشینانی شارستانیی کەلار، سەیدسادق و هەڵەبجە بەئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن.
 
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی، یەکشەممە 16-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "خانەنشینانی شارستانی مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام بەشێکیان کە بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن، بەهۆی وەرنەگرتنی کارتەکانیانەوە کەوتبوونە قەرەباڵخییەوە، بەڵام دواجار مووچەی هەموویان دابەشکرا".
 
لە بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی 40 هەزار خانەنشینی شارستانی مووچە وەردەگرن. بەڕێوەبەری بانکەکە دەڵێت "مووچەی هەشت هەزار و 500 خانەنشین کراوەتە ئەلیکترۆنی و رۆژی یەکشەممە، 16-04-2023 بەشێوەی ئەلیکترۆنی مووچەیان وەرگرتووە".
 
ساڵی رابردوو لە سلێمانی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا بەهۆی قەرەباڵخییەوە سێ خانەنشین گیانیان لەدەستدا، بۆیە بڕیاردرا لەرێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە مووچەی خانەنشینان دابەشبکرێت. 
 
شۆخان عومەر دەشڵێت "سەرجەم خانەنشینان کارتی ئەلیکترۆنیان بۆ کراوە، بەڵام هێشتا بەسەر هەموویاندا دابەشنەکراوە، چونکە نامانەوێت قەرەباڵخی دروست ببێت، بۆیە قۆناخ قۆناخ ناوەکان رادەگەیێنین".
 
ئەو خانەنشینانەی کارتی ئەلیکترۆنیان بۆ کراوە، دەتوانن لە پێنج شوێنی شاری سلێمانیدا مووچەکانیان وەربگرن. کە ئەوانیش: رەند گەلەر، سیتی سەنتەر، ئازادی مۆڵ، تێرمیناڵی شارەزوور و بازاڕی ئیبراهیم ئەحمەد ـن. 
 
بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی جەختیشی کردەوە لەوەی "لە مانگی داهاتووەوە خانەنشینانی شارستانی لە کەلار، سەیدسادق و هەڵەبجە بەئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن".

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە