مەرجەکانی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی

17-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فرۆشتنی 100 دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی 132 هەزار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستیپێکرد، بەپێی مەرجەکان، هەر گەشتیارێک مانگی یەک جار دەتوانێت سوودمەند بێت و پێش چوار کاژێریش پێویستە لە تێرمیناڵی فڕۆکەخانە ئامادەبێت. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 17-2-2023 دانا محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەکە کە لەلایەن نووسینگەی RT Bank بەڕێوەدەچێت، دەستیپێکرد. بەپێی رێنماییەکان، گەشتیارەکە دەبێت، تەمەنی سەروو 18 ساڵ بێت و هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت. 
 
مەرجێکی دیکە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە دۆلارە بە نرخی بانکی ناوەندی، ئەوەیە کە گەشتیار تیکێت و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە گەشتکردنی پێ بێت و دوای تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە گەشتکردن، چێک ئین و وەرگرتنی بۆردینگ کارت و لێدانی مۆری رۆیشتوو لە پاسپۆرتەکەی، لە دوایین وێستگەی فڕۆکەخانە لە هۆڵی ترانزێتی تێرمیناڵ پارە گۆڕینەوەکەی بۆ ئەنجامدەدرێت.
 
زیاتر لە دوو مانگە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکاندا ناجێگیرە، لە مانگی رابردوو بەهای 100 دۆلار تاوەکو سەرووی 175 هەزار بەرزبووەوە و بانکی ناوەندیی عێراقیش کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، یەکێک لەوانە، فرۆشتنی دۆلارە بە گەشتیاران بە نرخی بانکی ناوەندی. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرووی 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا. ئەو پارەیەی لە فڕۆکەخانە بە گەشتیاران دەدرێت، هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینارە و هەر گەشتیارێک دەتوانێت لە سێ بۆ حەوت هەزار دۆلار وەربگرێت. 
 
بەپێی رێنماییە گومرگییەکانیش، گەشتیارانی تەمەن سەروو 18 ساڵ، تەنیا رێگەپێدراون کە بڕی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ خۆیاندا ببەنەدەرەوە. واتا: ئەگەر گەشتیارێک خۆی پێنج هەزار دۆلاری پێبێت، ناتوانێت حەوت هەزار دۆلار وەربگرێت و گەشت بکات.
 
RT بانک کە یەکێکە لە بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگیێندراوێکیدا لەبارەی پێدانی ئەو بڕە پارەیە بەو کەسانەی کە دەیانەوێت گەشتی عومرە بکەن، رایگەیاندووە: ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت بچن بۆ عومرە، بڕی رێگەپێدراو بۆ کڕینی دۆلار سێ هەزار دۆلارە، بەڵگەنامەی دەرچوون داواکراو دەبێت.

هەروەها نووسیویەتی ئەو خستنەڕووەی بۆ پێدانی دۆلار دەکرێت وڵاتانی، "سووریا، رووسیا، کۆریای باکوور، لیبیاو ئێران" ناگرێتەوە، هەروەها ئەو گەشتیارانەشی سەردانی لوبنان دەکەن تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە مەبەستی چارەسەریی و خوێندن گەشت دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.