لە ماوەی ساڵێکدا مامەڵەکارانی بیتکۆین دوو ترلیۆن دۆلار زیانیان کردووە

15-11-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی ساڵێکدا مامەڵەکارانی بیتکۆین دوو ترلیۆن دۆلار زیانیان کردووە و بەهۆی مایەپووچبوونی کۆمپانیای FTXـیشەوە، 1 بۆ 2 ملیار دۆلاری ئەو کەسانە "ونبووە" کە مامەڵە بە دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەکەن.
 
لە ماوەی 12 مانگدا و دوای ئەوەی بیتکۆین بەرزترین ئاستی نرخەکەی لە مێژوودا تۆمارکرد و نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە سەرووی 68 هەزار دۆلار، دوو گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان 75٪ـی بەهاکانیان لەدەستداوە. مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021، بەهای پیشەسازیی دراوی دیجیتاڵی نزیکەی سێ ترلیۆن دۆلار بوو، ئێستا بۆ نزیکەی 900 ملیار دۆلار دابەزیوە.
 
هەفتەی رابردوو، کۆمپانیای FTX کە بەهاکەی 32 ملیار دۆلار بوو، بەهۆی نەمانی نەختینەوە مایەپووچ بوو، کڕیارەکان داوای گەڕاندنەوەی پارەکانیان کرد و باینانس، کۆمپانیای رکابەری FTX لە رێککەوتنەکەی بۆ کڕینی کۆمپانیاکە کشایەوە. سام بانکمان-فراید، دامەزرێنەری کۆمپانیای FTX رۆژی پێنجشەممە دانی بەوەدا نا کە مایەپووچ بووە و رۆژی هەینی دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای FTX کێشایەوە.
 
کاتی تالاتی، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمپانیای ئارکا، کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانە و گرنگی بە سەروەت و سامانی دیجیتاڵی دەدات، دەڵێت: "بە گەڕانەوە بۆ رابردوو، وروژاندن و نرخی سامانەکان زۆر لەپێش خۆیانەوە بوون و لە سەرووی هەر بەهایەکی بنەڕەتییەوە بازرگانییان پێوە دەکرا". دەشڵێت، "چونکە دابەزینەکە زۆر خێرا و تووندوتیژ بوو، زۆرێک رایانگەیاندووە کە سامانە دیجیتاڵییەکان مردوون."
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، ئەگەر دراوی دیجیتاڵی بۆ هەمیشە مەحکوم بێت یان لە کۆتاییدا سەرلەنوێ ببووژێتەوە، بەڵام داڕمانەکەی ساڵی 2022 پەردەی لەسەر کەموکوڕییە زۆرەکانی سێکتەرەکە هەڵدایەوە.
 
مایکل سایلۆر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆستراتێجی، کە گەورە کۆمپانیایەکی بواری تەکنەلۆژیایە و خاوەنی 130 هەزار بیتکۆینە دەڵێت، "ئەگەر باسی ئەو کەسانە بکەین کە خاوەن بیتکۆینن، هەست دەکەین لە پەیوەندییەکی ئیفلیجدا لەگەڵ دراوی دیجیتاڵی گیرمان خواردووە و دەمانەوێت دەربچین."
 
هاوکات هەفتەی رابردوو کۆینبەیس، کۆمپانیای نێودەوڵەتیی بواری ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان رایگەیاند، بەراورد بە چارەکی سێیەمی ساڵی 2021، لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا قازانجەکانی بە رێژەی زیاتر لە 50٪ کەمبووەتەوە و 545 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە، بەوهۆیەشەوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، کۆمپانیاکە 18٪ـی کارمەندەکانی لە کارەکانیان دوورخستوونەتەوە. 
 
رۆژی 3ـی ئەم مانگە و لەکاتی راگەیاندنی قازانجەکاندا، ئەلێسیا هاس، بەڕێوەبەری دارایی کۆینبەیس گوتی، "چالاکانە پلانەکانمان نوێدەکەینەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین". هەروەها گوتی، "خۆمان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن لە ئەگەری خراپتربوونی رەوشی بازاڕ ئامادە دەکەین."
 
بەهۆی مایەپووچبوونی بانکمان فڕایدەوە، کڕیار و مامەڵەکارانی دراوە دیجیتاڵییەکان یەک بۆ دوو ملیار دۆلار لەدەستدەدەن کە پێش مایەپووچبوونی، لە کۆمپانیاکە هەیانبوو.
 
هاوکات بەپێی راپۆرتی هەریەک لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بانکمان فراید، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای FTX، 10 ملیار دۆلاری کڕیار و مامەڵەکارانی لە هەژماری کۆمپانیاکەیەوە گواستووەتەوە سەر حیسابی ئالامێدا ریسێرچ، کە کۆمپانیایەکی دیکەی بازرگانیی دراوە دیجیتاڵییەکانە. ئاژانسە ئەمریکییەکان لە زاری دوو سەرچاوەشەوە دەڵێن، بەشی زۆری ئەو 10 ملیار دۆلارەی بۆ ئالامێدا گوێزراوەتەوە، "ونبووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.