دادگەی باڵای فیدراڵی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکی هەڵوەشاندەوە

15-05-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر سکاڵای باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکی هەڵوەشاندەوە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرابوو، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە و ناتوانێت هیچ پڕۆژەیاسایەک بۆ پەرلەمان بنێرێت."

رۆژی یەکشەممە، 15ی ئایاری 2022، دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە پووچەڵکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکات و بڕیاربوو لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسندبکرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەکشەممە 15ی ئایاری 2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژەیاسا بنێرێتە پەرلەمان، بەتایبەت ئەگەر رەهەندی دارایی هەبێت، بۆیە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری بە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک دا کە چەندین هەفتەیە پەرلەمان سەرقاڵیەتی."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "لەڕاستیدا ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر بیتوانیبا رەشنووسی یاسایەک بنێرێتە پەرلەمان کە رەهەندی دارایی هەبێت، ئەوا دەبوو رەشنووسی بودجە بنێرێت نەوەک ئەو رەشنووسە."

لە پڕۆژەیاسای پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک کە قەبارەی 25 تریلیۆن دینارە، حکومەتی عێراق داوا دەکات سەرپشک بکرێت بۆ وەرگرتنی قەرزی نێوخۆیی و دەرەکی، لەگەڵ خەرجکردنی داهاتی زیادەی نەوتی خاو بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و کڕینی گەنم و چەڵتووک، لەگەڵ پێدانی شایستەی جووتیاران و کەمکردنەوەی هەژاری، هەروەها بۆ بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دانەوەی قەرز و کڕینی وزە.

پڕۆژەیاساکە لە 10 ماددە پێکهاتووە و 35%ی ئەو پارەیە بۆ کۆبۆنى خۆراک و شایستەى دارایی بۆ کڕینەوەى بەرهەمى جووتیاران و شایستەى ساڵانى رابردوو دیاریکراوە، 35%ی دیکەی تەرخانکراوە بۆ پڕۆژە تەواونەکراوەکانى چوارچێوەى بودجەى وەبەرهێنان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە