رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، "وەزیری دارایی گوتی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواونەبێت، لە مانگی سێ ـوە دینارێک رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکەم."
هاوکات ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت؛ وەزیری دارایی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ کۆمپانیای کی کارت پێشنیازی کردووە بە ماوەی 15 رۆژ، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبانکی بکات.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسیاری پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانمان لە وەزیری دارایی کرد، کە بۆچی تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی رژد لەلایەن هەردوو حکومەتەوە نەنراوە؟ وەزیر پشتڕاستی کردەوە؛ هیچ هەنگاوێکی رژد لەمبارەیەوە نەنراوە."
"بە 15 رۆژ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بەبانکی دەکەین"
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئاماژەی بە کۆمپانیایەک داوە، کە پێشنیازی کردووە، لە ماوەی 15 رۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبانکی بکات."
جەمال کۆچەر لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پرسیاری لە وەزیری دارایی عێراق کردووە و دەڵێت؛ پێمانگوت بۆچی ئێوە پەلە دەکەن، لەکاتێکدا ئەو بابەتە کاتێکی زۆری پێویستە، بەڵام تەیف سامی گوتی، 'کۆمپانیای کی کارت کە گرێبەستمان لەگەڵیدا هەیە، پێشنیازی کردووە بە ماوەی 15 رۆژ مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بەبانکی بکات.''
"ناوی سەرجەم لایەنە ئەمنییەکانی عێراقمان بۆ رەوانە کراوە"
هەرێمی کوردستان لە ناردنی لیستی ناوی فەرمانبەراندا تەنیا ژمارەی هێزە ئەمنییەکانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە و وەزیری دارایی عێراقیش رایدەگەیەنێت؛ "تاوەکو ناوی سەرجەم هێزەکان رەوانە نەکرێت، ئەوان ناتوانن مووچەکانیان بدەن."
جەمال کۆچەر گوتی "لەبارەی نەناردنی مووچەی لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق گوتی، هەرێمی کوردستان تەنیا ژمارەیان بۆ ئێمە ناردووە، لێمان پرسی ئاخۆ لایەنە ئەمنییەکانی عێراق لە وەزارەتی بەرگری، لایەنە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی هەموویان مووچەکانیان بەبانکیکراوە؟ گوتی هەموویان بە ناوی تەواوەتی لامان تۆمارن و مووچەکانیان بەبانکیکراوە."
ئەگەر مووچە بەبانکی نەکرێت "مووچەی مانگی سێ نانێرین"
جەمال کۆچەر لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی 3ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "وەزیری دارایی عێراق گوتی؛ ئەگەر بەبانکیکردنی مووچە تەواونەبێت، دینارێک نانێرین بۆ مووچەی مانگی سێ."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە؛ "هەژماری من لە هەرێمی کوردستان داتای فەرمانبەرانی کۆکردووەتەوە و ئەوەش کارئاسانی باشە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، لە وەزیری داراییمان پرسی بۆچی پشت بەو هەژمارە نابەستن؟ لە وەڵامدا گوتی؛ دادگای فیدراڵی باسی لە بانکە حکومییەکان کردووە و دەبێت بانکە حکومییەکان ئەو کارە بکەن."
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان و عێراق
جەمال کۆچەر باس لەوە دەکات کە بە وەزیری دارایی عێراقی راگەیاندووە؛ "لە هەرێمی کوردستان لانیکەمی مووچەی خانەنشینی 260 هەزار دینار بۆ 300 هەزار دینارە، ئاخۆ ئەو مووچانەیان هاوتا دەکرێتەوە لەگەڵ مووچەی خانەنشینی لە عێراق؟"
ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت؛ "وەزیری دارایی پێیگوتین، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو یاسایانە نییە، کە لە عێراق بۆ خانەنشینان دەرچووە، بۆیە ئێمە بەگوێرەی یاسای هەرێمی کوردستان کاردەکەین و ئەوان چەندیان بۆ مووچە دیاریکردووە، هەر ئەوەندە دەدەین. هەرکاتێک هەرێمی کوردستان پابەندبوونی بە یاسای خانەنشینی عێراق راگەیاند، ئەوکات بەگوێرەی یاساکە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رێکدەخەینەوە."
بەگوێرەی لێدوانی وەزیری دارایی عێراق، ئەگەر هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پابەندی رێکارەکان بن بۆ بەجێکردنی مووچە، لە ماوەی یەک ساڵدا حکومەتی عێراق 12 ترلیۆن و 500 ملیار دینار مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەڕێدەکات، بۆیە ئەوە پێویستی بە هەندێک بڕیاری جیددییە، کە دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان بیدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ