رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی پڕۆژەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 21 ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی دابەشکراون و لە رۆژانی داهاتوویشدا کارەکانیان دەگەیێننە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی 4ی نیسان نەبیل نەجار، سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 21 ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی دابەشکراون، کە 12 ملیۆنیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکاردەهێندرێن؛ 17 کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانیش لە پڕۆژەکەدا بەشدارن."
نەبیل نەجار گوتیشی، "ئامێری POS بۆ بەکارهێنانی کارتەکان لە زۆرینەی دامەزراوە حکومی و شوێنە بازرگانییەکان دانراون. زۆرینەی بەکارهێنەرانی کارتەکەش، فەرمانبەر و خانەنشینانن کە بۆ وەرگرتنی مووچە، بازاڕکردن و بەنزینخانەکان بەکاریان دەهێنن."
بە گوتەی سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی، "بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی پاسپۆرت، هاتووچۆ، باج، داد و تەندروستی پارەی کاش وەرناگیرێت و دەبێت مامەڵەکان لە رێگەی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە بن. کۆی گشتی ئەو دامەزراوە حکومییانەش کە پڕۆژەکەیان تێدا کارا کراوە 570 دامەزراوەیە."
دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی هەڵمەتی "پێتان دەگەین لە زاخۆ تاوەکو فاو"ی راگەیاندووە.
سەرۆکی دامەزراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، "بە ئامانجی فراوانکردنی پڕۆژەکە، لە رۆژانی ئاییندەدا دەگەینە هەولێر، سلێمانی و دهۆک و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لقەکانی بانکی ناوەندی، پڕۆژەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەو پارێزگایانەش دەستپێدەکەین."
1ی حوزەیرانى 2023 بانکى ناوەندیى عێراق دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا کە "ئامانج لەو بڕیارەی بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانی."
17ی کانوونى دووەمى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە 1ـی حوزەیرانەوە بە فەرمى دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکییەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ